تەندروستی سلێمانی رێگاکانی تووشبوون بە ئاوڵەی مەیمون بڵاودەکاتەوە


بەرێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی رایگەیاند، ئاوڵەی مەیمون بەهۆی ڤایرۆسێکەوە دروست دەبێت کە دەبێتە هۆی توشبونی  کەسەکە بە تا و سەرئێشە  و ئازاری جومگەکان و پشت ئێشەیەکی بەردەوام و هەوکردن بە ئازاری پێست.
 
لە راگەیاندنێکدا کە ئەمڕۆ پێنج شەممە بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی بڵاویکردەوە، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە ئاوڵەی مەیمون لە کەسێکەوە بۆ یەكێكی تر دەگوازرێتەوە لەڕێگەی بەرکەوتن و دەستلێدان لە کەلوپەلی پیسبوو بەو ڤایرۆسە و ئاژەڵی توشبوو.
 
ئەوەشی خستەرو کەسی توشبو دەبێت رێنماییە تەندروستیەکان جێبەجێ بکات لە کاتی توشبون بەم ڤایرۆسە، کە بریتین لە:

-  ئاگاداركردنەوەی هەر كەسێك بەم دواییە تێكەڵاویت كردوە.
-  دوركەوتنەوە لەئەنجامدانی كاری سێكسی.
-  مانەوە لە ماڵەوە تائەو كاتەی پێستی توشبو نامێنێت و چینێك پێستی نوێ دروست دەبێت.
-  داپۆشینی شوێنە توشبووەكان و بەكارهێنانی دەمامك كاتێك لەگەڵ خەڵكی تر دەبیت.
-  شوشتنی دەستەكان بە ئاو و سابون و مەوادی پاكژكەرەوە بەتایبەت لە پێش و دوای دەستلێدان لە شوێنی توشبو.
-  دەست لێنەدان و برینداركردنی شوێنی توشبو، ئەوە دەبێتە هۆی خاوكردنەوەی چاكبونەوە و گواستنەوەی بۆ شوێنی تری جەستە.
 
بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم نەخۆشیە نیشانەكانی لە یەک هەفتەدا دەردەكەوێت تاوەكو چوار هەفتە دەخایەنێت و لای هەندێك كەس كە بەرگرییان لاوازە ماوەكەی درێژتر دەبێت.
 
نیشانەکانی ئاوڵەی مەیمون:

-  هەوكردنی پێست و هەوكردنی قوڕگ.
-  ئازاری ماسولكە و ئازاری پشت.
-  ئاوسانی گرێ لیمفاوییەكان.
ڤایرۆسی ئاوڵەی مەیمون بۆ یەكەمجار لەساڵی ١٩٥٨ لە دانیمارك دۆزرایەوە لەنێو ئەو مەیمونانەی بۆ مەبەستی تاقیكردنەوەی پزیشكی بەكاردەهێنران، لەساڵی ١٩٧٠ بۆ یەكەمجار توشبونی مرۆڤ بەو ڤایرۆسە لەوڵاتی كۆنگۆ لە ئەفریقا تۆماركرا، هۆکارەکانی گواستنەوەی ئاوڵەی مەیمون بریتین لە:
 
-  تێكەڵاوبونی كەسانی توشبو لە ڕێگەی دەستلێدان و كاری سێكسی.
-  دەستلێدان لە پێستی كەستی تووشبو و ماچكردنی.
-  دەستلێدان لە دەموچاو لەكاتی قسەكردن یاخود هەناسەدان.
-   دەستلێدان لە كەلوپەلی توشبو بە ڤایرۆسەكە.
-  دەستلێدان لەئاژەڵی توشبو لەڕێگەی ڕاوكردن و كەوڵكردن و بەكارهێنانی گۆشتەكەی.



PM:09:53:15/08/2024