ئەو منداڵەی باوکی ١٥ چەقۆی لێیدا، ئێسکی سەری شکاوەو خوێن لە سیەکانیدا کۆبۆتەوە


ئەو منداڵەی خورماتوو کە دوو ساڵە تەمەنی و لەلایەن باوکیەوە ١٥ چەقۆی لێدرا، ئێسکی سەری شکاوەو خوێن لە سیەکانیدا کۆبۆتەوەو تا ئێستا لە نەخۆشخانەیە. 

حەیدەر مستەفا کە منداڵێکی خەڵکی قەزای توزخورماتووە، بە پێی قسەکانی دایکی منداڵەکە، ئەو چەقۆیانەی باوکی لێیداوە بەر سەرو سنگی کەوتووە، ئاماژە بەوەش دەکات کە باوکی کێشەی دەروونی هەبووە.

دایکی حەیدەر بە میدیا عێراقییەکانی راگەیاندووە" بەیانی خەوتبووین و هێرشی کردە سەرمان و هەڵاتووە بۆ شوێنێکی نادیار کە تا ئەمڕۆ نازانین لە کوێیە".

ئاماژەی بەوەشکردووە، سەختی ئەو برینانەی کە منداڵەکەی بەرکەوتووە وایکردووە سەرەتا بیخاتە نەخۆشخانەی قەزای توزخورماتوو، پاشان بیگوازێتەوە بۆ نەخۆشخانەی فێرکاریی کۆمارییەکان و لە هۆڵێکی تایبەتدا بیخەوێنن". 

 دکتۆر مەحمود ماهر خدر بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە دەڵێت " باوکەکە بە چەقۆ لە سەر و سنگ و دەموچاویداوەو، هەرچییەک لە تواناماندا بێت بۆمان دابین کردووە چارەسەرەکان و باری تەندروستی ئێستا جێگیرە”.

خدر دەشڵێت، "نەخۆشخانە چاودێری باری تەندروستی منداڵەکە دەکات تا ئەو کاتەی دۆخی منداڵەکە بە تەواوی جێگیر دەبێت و دەگەڕێتەوە بۆ دۆخی تەواوی خۆی".

هەروەها ئەو پزیشکەی سەرپەرشتی تەندروستی منداڵەکە دەکات، دکتۆر ئەحمەد نەجات، دەڵێت" منداڵەکە بە چەقۆ لە سەر و سنگی دراوە، بەهۆیەوە کەلەسەری شکاوەو خوێنبەربوونی لە سییەکاندا بەهۆی سەختی برینەکانی چەقۆکەوە بۆ دروستبووە". 




AM:12:29:17/08/2024