"پێدانی شەرعیەت بە بوونی هێزەکانی تورکیا لەسەر خاکی عێراق دەستووریی نییە"

سەرۆکی بزووتنەوەی مافەکان لە عێراق ڕایگەیاند"نوێنەرایەتی هێزەکانی تورکیا لە فەرماندەی ئۆپراسیۆنەکانی عێراق پێچەوانەی دەستورە و ئەمە شەرعییەت دەدات بە لەشکرکێشی سەربازیی تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی باکور".

ئەمرۆ شەممە ١٧ی ئابی ٢٠٢٤،حسێن موعنیس، سەرۆکی بزووتنەوەی مافەکان لە عێراق ڕایگەیاند" پێدانی شەرعیەت بە بوونی هێزەکانی تورکیا لەسەر خاکی عێراق لەناوخۆی بەعشیقە هیچ بەرژەوەندییەکی نیشتمانی نییە و پێشێلکارییەکی دەستوورییە."

وتیشی" کاتێک ئەو هێزانە نوێنەرایەتییان لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکاندا هەبێت، ئەمە لەشکرکێشی سەربازیی تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی باکور دەچەسپێنێت".

سەرۆکی بزووتنەوەی مافەکان داوای هەڵوێستێکی ڕوون لە حکومەت و دەڵێت" ئەوەی لە ئێستادا ڕوو دەدات وەبیرهێنەرەوەی ڕێککەوتنە شکستخواردووەکانی پێشووترە کە بە بیانووی مەشق و ڕاهێنان و هاوکاریکردنی هێزە عێراقییەکان لەگەڵ وڵاتانی جیاجیا پەسەندکران و دیاریش نییە تا کەی بەردەوام دەبێت".



PM:11:39:17/08/2024