ئەمشەو دووشەممە ١٩ی ئابی ٢٠٢٤ دەزگای ئاسایشی هەرێم دانپێدانانی چەکدارێکی داعشی بڵاوکردەوە و دەڵێت" زیاتر لە ٢٥ ئەندامی هێزە ئەمنییەکانی کردوەتە ئامانج"، دەشڵێت" پێنج چەکداری دیکەش دەستگیرکراون کە یەکێکیان لە پارێزگای هەڵەبجە بووە".
کەمێک پێش ئێستا دەزگای ئاسایشی هەرێم ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە" دوای ئەوەی ١٤ی تەموزی ٢٠٢٤ ڕووبەڕوبوونەوەیەکی چەکداری لە نێوان ژمارەیەک چەکداری داعش لەگەڵ هێزەکانی ئاسایش لە ناحیەی قەرەهەنجیری پارێزگای کەرکوک ڕوویدا، لە ڕووبەڕووبوونەوەکەدا (جوامێر عەزیز ڕەشید) کارمەندی ئاسایش شەهید بوو و کارمەندێکیش برینداربوو".
دەشڵێت" چەکدارانی داعش کوژراو و تیرۆریست (حیدر کەریم) بە برینداری دەستگیرکرا و دەستبەجێ لە تۆڵەی شەهید (جوامێر عەزیز) بە فڕۆکەی جەنگی (F-16) مۆڵگەکانیان لە چیای زەمبوور خاپوورکران، ئۆپراسیۆنەکە بە هامەهەنگی بەرێوەبەرایەتی گشتی ئۆپراسێونەکانی ئاسایش و دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق و (خليه مكافحه الارهاب) و بەرێوەبەرایەتی ئاسایشی کەرکوک لەگەڵ ژووری ئۆپراسیۆنەکانی کەرکوک ئەنجامدراون".
دەزگای ئاسایشی هەرێم ڕاشیگەیاندووە" دوای لێکۆڵینەوە لەگەڵ ئەو چەکدارە دانی بە چەندین تاواندا ناوە، سەرجەم بەڵگە ڤیدیۆ و زانیاری لەسەر کردە تیرۆریستیەکانیان دەخەینەڕوو کە زیاتر لە (٢٥) ئەندامی هێزە ئەمنییەکانی عێراق و کوردستانیان کردوەتە ئامانج، جێگەی مەترسی بوون بۆ هاوڵاتییانی سنووری شاری کەرکوک و دەوروبەری".
هەر لە ڕێگەیەندراوەکەی دەزگای ئاسایشدا هاتووە" لە ئەنجامی دانپێدانان و لێکۆڵینەوەکان هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئۆپراسێونەکانی ئاسایش، توانیان لە کەرکوک تیرۆریست (عەلي عبدالـله) دەستگیر بکەن و دواتر لە ناوچەی ڕەشاد تیرۆریست (مخلف زگاع ئەلگاقوڵی) دەستگیربکەن، هاوکات لە ئۆپراسێونێکی تردا لە ناحیەی قەرەهەنجیر و گوندی چیمەن تیرۆریستان (زيدان خلف الياس و نزهان زيدان خلف) دەستگیرکران".
دەشڵێت" لەسەر بنەمای زانیاری پێشوەختە و لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان لە پارێزگای هەڵەبجە تیرۆریست (علاء شجاعی) لەلایەن هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئۆپراسێونەکان دەستگیرکرا و سەرجەم تیرۆریستان ڕووبەڕووی یاسا کرانەوە".
لە کۆتاییدا دەزگای ئاسایشی هەرێم ڕاشیگەیاندووە" لە ئێستادا هەر (٦) تیرۆریست بە ماددەی (٢)ی تیرۆر دەستگیرکراون و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانیان بەردەوامە".