سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێم، لەبارەی ھۆکارەکانی دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەران ڕایدەگەیەنێت" کێشەی دواکەوتنی مووچە بریتییە لە تۆمارنەکردنی (١٨) ھەزار کەس لە کەسوکاری شەھیدان و (٧١) ھەزار پێشمەرگەی خانەنشین لە سیستمی بایۆمەتری".
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە وەزارەتی دارایی و ئابووری ھەرێم، لە لێدوانێکدا بە میدیای یەکێتی ڕاگەیاندووە" تا ئێستا چەندین وەفدی دیوانی چاودێری دارایی عێراق سەردانی ھەرێمیان کردووە بۆ وردبینی لە لیستی مووچە، بەڵام تا ئێستا بەشی زۆری کێشەکان چارەسەر نەکراون".
دەشڵێت" دیارترین کێشەش بریتییە لە تۆمارنەکردنی (١٨) ھەزار کەس لە کەسوکاری شەھیدان و (٧١) ھەزار پێشمەرگەی خانەنشین لە سیستمی بایۆمەتری، ئەمە جگە لە بوونی ناوی زیادە و گۆڕانکاری مانگانە لە لیستی مووچەی وەزارەتەکاندا".
وتیشی" ئەو ناوانەی کێشەی بایۆمەتریان ھەیە بڕی مووچەکەیان دەگاتە (٤٢ بۆ ٤٣) ملیار دینار کە لەلایەن بەغدادەوە نانێردرێت و دیوانی چاودێری دارایی عێراقیش بە وەزارەتی دارایی ھەرێمی وتووە تەنھا بەپێی سیستمی بایۆمەتری مووچە دەنێرن و ھەر کەسێک ناوی لەو سیستمە نەبێت بەغداد مووچەکەی دابین ناکات".