کارەبای نیشتمانی هاوڵاتیان لە سنووری پارێزگای دهۆک دەبێتە سیستەمی پریپەید

جێگری بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای پارێزگای دهۆک ڕایدەگەیەنێت، پلانیان هەیە لە داهاتوودا کارەبای هەموو هاوبەشانی کارەبای نیشتمانی لە سنووری پارێزگاکە بکەنە سیستەمی (پریپەید)، دەشڵێت" لە پلانیاندایە لە داهاتوودا کارەبای هەموو هاوبەشانی کارەبای نیشتمانی لە سنووری پارێزگای دهۆک بکەنە سیستەمی پریپەید".

حازم محەمەد، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای پارێزگای دهۆک ئەمڕۆ سێشەممە ٢٠ی ئاب لە لێدوانیکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند"زیاتر لە ١١ هەزار هاوبەشی کارەبای نیشتمانیی لە سنووری ئەو پارێزگایە، کە سیستەمی پارەدانی پێشوەختە (پریپەید) بەکاردەهێنن و ٢٤ کاتژمێر کارەبای نیشتمانییان هەیە".

حازم محەمەد باسی لەوەكرد"لە پلانیاندایە لە داهاتوودا کارەبای هەموو هاوبەشانی کارەبای نیشتمانی لە سنووری پارێزگای دهۆک بکەنە سیستەمی پریپەید و بۆ ئەم مەبەستە چاوەڕێی ڕێنوێنییەکانی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی کارەبان".

سیستەمی پریپەید، لە ڕێگەی پێوەری زیرەکی کارەباوە جێبەجێ دەکرێت و بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی کارەبا، ملیۆنێک و ٣٠٠ هەزار پێوەری زیرەک بۆ کۆی نزیکەی ملیۆنێک و ٨٠٠ هەزار هاوبەشی کارەبا لە هەرێمی کوردستان بەستراون و چالاک کراون.



PM:08:35:20/08/2024