رابەری بزووتنەوەی ئیسلامی عیرفان بارزانی لە ئاژانسی ئانادۆڵەوە هێرشدەکاتە سەر پەكەكە و دەڵێت" ئەو هێزە لە هەر ناوچەیەك بێت ناهێڵیت ئاوەدان بكرێتەوە".
عیرفان عەبدولعەزیز، ڕابەری گشتی بزووتنەوەی ئیسلامی، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی (ئانادۆڵ)ی تورکیا سەرنج دەخاتەسەر دۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان جەخت لەوە دەکاتەوە" پێویستە حکوومەتی عێراق و حکوومەتی هەرێم هاوکار بن بۆ دەرکردنی چەکدارانی پەکەکە بە تایبەت لەو شوێنانەی بەهۆی بوونی ئەوانەوە ئاوەدان ناکرێتەوە."
هەروەها لە بارەی بوونی گەریلاکانی پەکەکە لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان، ڕابەری گشتیی بزووتنەوەی ئیسلامی دەڵێت "دیارە پەکەکە لە ماوەی ڕابردوودا کێشەیان دروست کردووە بۆ دەسەڵاتی کوردی، ئەو ناوچانەی کە تێیدا بوون، نەیانهێشتووە ئاوەدان بکرێتەوە، ناهێڵن دەسەڵاتی کوردی لەوێ بوونی هەبێت هەر لە قەندیلەوە تا شارباژێڕ و نزیکی پێنجوێن، ئەمەش لە ئایندەدا بۆ ئاسایشی ناوچەکە خراپە، هەروەها ئەم چەند ڕۆژە، چەند ڕۆژێکی زۆر هەستیارە و پێشبینییەکان بەرەو ئەوە دەچن ئەگەر گرژییەکان زیاتر بن و لە کۆنتڕۆڵ دەربچن، ئەوا کەرکووک و سلێمانی بێبەش نابن لەو گرژییانە."
عیرفان عەبدولعەزیز وتیشی "هەر حکوومەتێک کە نفوزی لە ناوچەیەک هەیە، دەبێت کۆنتڕۆڵی ئەو ناوچەیە بکات، کاتێک ناوچەیەک لە ژێر کۆنتڕۆڵی ئەو دەردەچێت بەڕاستی دەبێت حکوومەتی عێراق و حکوومەتی هەرێم هەوڵ بدەن کە لەو ناوچانە (ناوچەکانی ژێر دەستی پەکەکە) دووبارە نفوزی خۆیان زیاد بکەن بۆ ئەوەی هەم خەڵکەکە لەوێ ئاسوودە بژین، هەم بابەتی ئاوەدانکردنەوەش بگاتە ناوچەکان."
لە بەشێکی دیکەی چاوپێکەوتنەکەدا، ڕابەری گشتی بزووتنەوەی ئیسلامیی تیشکی خستەسەر دۆخی فڕۆکەخانەی سلێمانی و دەڵێت "دەتوانن میکانزمێک بگرنەبەر کە لەوەوە دڵنیابن فڕۆکەخانەی سلێمانی دژی دراوسێکان بەکار نایەت".