لە رێگەی (کەرکوک - هەولێر) پێنج کەس بە ڕووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستدا

بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی ٢٣ی ئابی ٢٠٢٤ لەسەر ڕێگەی (کەرکوک - هەولێر) پێنج کەس گیانیان لەدەستدا کە بەشێکیان تەرمەکانیان سووتاون. 

بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی (سپی)، بەرەبەیانی ئەمڕۆ رووداوێکی سەختی هاتووچۆ لە نێوان سێ ئۆتۆمبێلی جۆری (بی ئێم دەبلیو، دۆجی چارجەر و پیک ئەپێک) ڕوویداوە. 

رووداوەکە لە نزیک گوندی نەبیاوە کە دەکەوێتە نێوان کەرکوک و پردێ ڕوویداوە کە بەهۆیەوە ئۆتۆمبێلێکیان گڕی گرتووە.

بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، لە ئەنجامی ڕووداوەکە پێنج گیانیان لەدەستداوە کە بەشێکیان تەرمەکانیان سووتاون، هەروەها دوو کەسی دیکەش برینداربوون. 

لە ئێستادا تەرمەکان ڕەوانەی پزیشکی دادوەری کراون و سەرجەم بریندارەکان گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی فێرکاری ئازادی، هەروەها پۆلیس پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ ڕووداوەکە کردۆتەوە.


AM:08:45:23/08/2024