دەست بەسەر ٨٥ کیلۆگرام ماددەی هۆشبەردا گیرا

بەڕێوبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان بڵاویکردەوە، باندێکیان دەستگیرکردوە کە مانگانە ١٠٠ کیلۆگرام ماددەی هۆشبەریان لە شارەکانی هەرێمی کوردستان ساغکردوەتەوە.

لە راگەیەنراوەکەی بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکاندا هاتوە، دوای نزیکەی هەفتەیەک بەدواداچونی ورد لە چالاکییەکدا توانییان باندێکی مەترسیداری ماددە هۆشبەرەکان دەستگیربکەن کە پێکهاتبون لە سێ تۆمەتبار.

ئاماژەی بەوەشکردوە، باندە سێ کەسییەکە بڕی ٨٥ کیلۆگرام ماددەی هۆشبەرییان لە جۆری کریستاڵ پێگیراوە.

بەڕێوەبەرایەتیەکە دەڵێت" تۆمەتبارەکان دانیان بەوەدا ناوە کە مانگانە زیاتر لە ١٠٠ کیلۆگرام ماددەی هۆشبەریان لە هەرێمی کوردستان ساغکردوەتەوە."

باندەکە کۆگایەکیان هەبوە لە یەکێک لە باخچەکانی دەوروبەری شاری هەولێر، ئەو ماددە هۆشبەرانەیان لە سنوری قەڵادزێ-ەوە بردوە بۆ ئەو کۆگایە و لە شارەکانی هەولێر و دهۆک ساغیان کردوەتەوە.



PM:03:55:25/08/2024