سروە عەبدولواحید بۆ حکومەت: هەمووکەس قسە بکات ئێوە عەبایەکی ڕەش بدەن بە دەم و چاوتاندا

لە دوای قسەکانی وتەبێژی حکومەتی پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق وەڵام دەداتەوە ودەڵێت" هەموو کەس قسەبکات ئەبێت ئێوە عەبایەکی ڕەش بدەن بەدەم وچاوە ناشرینەکەتاندا، شەڕی ناوخۆتان کرد، جاشایەتیتان کرد، دەبابەتان هێنایە سەر پەرلەمان، زۆرتان نەماوە ماڵە جاڵجاڵۆکەیەکەتان بڕوخێت".

 سروە عەبدولواحید، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی نەوەی نوێ‌ لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ  یەکشەممە ٢٥ی ئاب لە بابەتێکدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك نوسیویەتی"شەڕی ناوخۆتان کرد ، جاشایەتیتان بۆ وڵاتان کرد تانک و دەبابەتان هێنایە سەر پەرلەمان و وڵات و دەزگای موخابەراتی نەما ڕێنوێنی بۆ نەکەن ، گەنجی شارەکانی هەرێم لەسەر چایەک دەکوژن، بەڵام کە پێتان ئەڵێین درۆزنن و خۆتان خەڵکی هەرێم ئەچەوسێننەوە ئەوا زمانتان درێژ ئەکەن".

دەشڵێت" ئەو زمانە ناشرینەتان مانگی ١٠ دەبڕدرێت وخەڵکی هەرێم حەجمی ڕاستیتان دەرئەخات، لەکوێی دونیا حکومەتی ماوە بەسەرچوو دەسەڵاتی دامەزراندن و پلە بەخشینەوەی هەیە تا لەم کاتی بانگەشەیە ئەو هەموو بەڵێنە درۆیە بدات؟ لەکوێ حکومەتی ماوە بەسەرچوو یەک ئیشی پێ بسپێرێت ئامادەکردنی لیستی مووچە بێت و بە درۆو ساختە هەر جارەو بە هۆکارێک لیستەکە وەک داوی شەیتان بهۆنێتەوە بۆ ئەوەی خەڵک ئازار بدات".

وتیشی"هەموو کەس قسەبکات ئەبێت ئێوە عەبایەکی ڕەش بدەن بەدەم وچاوە ناشرینەکەتان و ڕووی قسەکردنتان نەبێت ، زۆرتان نەماوە ماڵە جاڵجاڵۆکەیەکەتان بڕوخێت".

ئەم قسانەی سروە عەبدولواحید دوای ئەوە دێت، ئەمرۆ وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان رەخنەی توندی لە هەندێك لە پەرلەمانتارە كوردەكان لە بەغداد گرت و وتی"پێشتر جاشەكان چاوساغ و پێشڕەوی سوپای بەعس بوون بۆ ئەنفال، ئەمڕۆش هەندێك لەناو بەرگ و قاڵبێکی دیکەدا چاوساغ و پێشڕەوی ئەو دەنگانەن کە لە ناوحکومەتی فیدراڵیدا دەیانەوێت خەڵکی هەرێمی کوردستان برسی بکەن, بۆیە جاش هەرجاشە بەڵام سەردەمەکەی گۆڕاوە".



PM:11:49:25/08/2024