وردبینی ناوی کاندیدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تەواو بوە و گەڕاوەتەوە بۆ کۆمسیۆن لەم هەفتەیەشدا ناوەکان لەلایەن کۆمسیۆنەوە پەسەند دەکرێت.
ئەمڕۆ دووشەممە ٢٦ی ئابی ٢٠٢٤ عیماد جەمیل, سەرۆكی تیمی راگەیاندنی لە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بە میدیاکانی ڕاگەیاند" لەلایەن وەزارەتی ناوخۆ و دەستەی دەستپاکی عێراق و هەرێمی کوردستانەوە، وردبینی بۆ ناوی کاندیدانی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامدراوە و ناوەکان بۆ کۆمیسیۆن نێردراوەتەوە".
بە گوێرەی زانیارییەکان هیچ کاندیدێک لە کێبڕکێی هەڵبژاردنەکاندا دورنەخراوەتەوە و لەم هەفتەیەدا کۆمیسیۆن لیستی ناوی کاندیدەکان بە فەرمی پەسەند دەکات و دواتر رێکارەکانی دیکەی هەڵبژاردن بەردەوامی پێدەدات.
دوای پەسەندکردنی ناوی کاندیدەکان لەلایەن کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانەوە، دەست بە چاپکردنی کاغەزی دەنگدان دەکرێت و چوار نمونەی کاغەزی دەنگدان بۆ هەر چوار بازنەکەی دەنگدان پەسەندکراوە.
بڕیارە ڕۆژی ٢٠ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ پرۆسەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت و کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق سەرپەرەشتی بکات.