دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ داوا لە داواکاری گشتی دەکات، لە پێناو بەرژەوەندی گشتی سنورێک بۆ ئەو کەسانە دابنرێت کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لێدوان و کاری نەشیاو بڵاودەکەنەوە.
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤی هەرێمی کوردستان لە بڵاوکراوەیەکدا ڕایگەیاند" ماوەیەکە بەشێک لەو کەسانەی لە سۆشیاڵ میدیا دەرکەوتون بانگەشە بۆ کاری نەشیاو و لەشفرۆشی دەکەن و کار لەسەر هەستی منداڵان دەکەن بە بێ ئەوەی هیچ ڕێگریەکیان لێ بکرێت"
دەستەکە دەشڵێت" ئەو کارەی ئەو کەسانە دەیکەن کاریگەری گەورەی دەبێت لەسەر ئاکار و بەلاڕێدا بردنی مندالان و گەنجەکان و ئاسایشی کۆمەڵایەتی بە گشتی".
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ ئەوەیشی خستوەتەڕو، دەستەکەیان لە ڕێگەی سکاڵایەکەوە داوای لە دەستەی مافی گشتی لە سەرۆکایەتی داواکاری گشتی کردوە لە پێناو پاراستنی بەها کۆمەڵایەتییەکان و بەرژەوەندی گشتی کۆمەڵگە کار لەسەر ئەو بابەتە بکەن و ڕێکاری یاسای بەرامبەر ئەو جۆرە کەسانە بگرنە بەر.