یەکێتی: باڵی مەسرور بارزانی خۆسەپێنە و دەیەوێت هەڵبژاردن دوابخات

لە میانی زیادبوونی ئەو بارگرژی و شەڕە میدیایەی لە نێوان یەکێتی و پارتیدا هەیە و، هەروەها نزیک بوونەوەی هەڵمەتی هەڵبژاردن، سەرچاوەیەک لە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت" پێش هەڵبژاردن و دوای هەڵبژاردنیش بەهۆی رق و كینەی ئەستووری باڵی مەسرور بارزانی زەمینە نەڕەخسا كە كورد بە تەبایی و یەكڕیزی بەشدار بێت لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان". 

ئەمشەو دووشەممە ٢٦ی ئابی ٢٠٢٤ میدی فەرمی یەکێتی بەیاننامەیەکی سەرچاوەیەک لە حزبی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە" چەواشەكارییەكانی باڵی مەسرور بارزانی سنووری خۆی هەیە و لێرە بەدواوە بێدەنگی دەشكێنین نەك هەر وەڵامی چەواشەكارییەكانیان دەدەینەوە، بەڵكو هەموو ئەو راستیانە دەخەینەڕوو كە مەسرور بارزانی هۆكاری تێكچوونی دۆخی سیاسی و ئەمنی ‌و حكومڕانی هەرێمی كوردستان و ناوچە دابڕێنراوەكانە و لەو ساتەوەختەوەی دەسەڵاتی گرتۆتەدەست دەستكەوتەكانی هەرێمی كوردستان ساڵ بە ساڵ كەوتونەتە مەترسیەوە و تەنانەت شیرازەی ناوخۆیی پارتیشی تێكداوە، ئەنجامی هەڵبژاردنی ناوچە دابڕێنراوەكان هەر ئەوە دەیسەلمێنێت، كە بەهۆی سیاسەتی تاكڕەوانەی مەسرور بارزانیەوە حزبەكەیان خەریكە دەبێتە حزبێكی لۆكاڵی". 

دەشڵێت" ئەگەر مەرامێكی دیكەی باڵە خۆسەپێنەکەی ناو پارتی لە خوڵقاندنی كەشێكی ناسەقامگیری  سیاسی و میدیای لە هەولێر  بۆ ئەو مەرامە بێت، كە جارێكی دیكە بە خەیاڵی خۆی هەڵبژاردن دوابخرێت و لەسەر كورسی حوكم بمێنێتەوە، ئەوە ئێمە دژی دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانین و دەبێ تاڵاوی ئەو شكستە بچێژن زوو بێ یا درەنگ، دوا پەیامیشمان ئەوەیە كە ئەوەی ماڵی لە شووشە بێت باشترە بەرد نەگرێتە قەڵایەكی پۆڵاین". 

دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەمشێوەیەیە: 

ئەوەی ماڵی لە شووشە بێت، باشترە بەرد نەگرێتە قەڵایەكی پۆڵایین

سەركەوتنە یەك لەدوای یەكەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە سەرۆكایەتی بافڵ جەلال تاڵەبانی لە ئاستی ناوخۆیی و عیراقی و هەرێمی و تەنانەت نێودەوڵەتیش، كە دواهەمین پرسی پارێزگای كەركوك بوو كە پاش حەوت ساڵ لە ئاستەنگ دروستكردن لەبەردەم دانانی پارێزگارێكی كوردا یەكلاییكردنەوەی ئەم پرسە لەبەرژەوەندی هەموو پێكهاتەكانی كەركوك و ئاساییكردنەوەی دۆخی ئەو شارە بە ئامانج گەیشت، لەدوای ئەم سەركەوتنەی یەكێتی وەك هەمیشە پەیامێكی راشكاوانەی بڵاوكردەوە و دەستی تەبایی و هەماهەنگی بۆ هەموو هێزەكان درێژكردەوە، تا ئەو سەركەوتنانە بكەین بە فاكتی بەهێزكردنی قەوارەی هەرێمی كوردستان و دوورخستنەوەی مەترسیەكان لەسەر كوردستان و ئاساییكردنەوەی ناوچە دابڕاوەكان و چارەسەركردنێكی ریشەییانەی كێشەكانی هەرێم و بەغداد و هەر پرسێكی دیكە.

كەچی بەداخەوە لە پێش هەڵبژاردن و دوای هەڵبژاردنیش بەهۆی رق و كینەی ئەستووری باڵێكی ناو پارتی كە مەسرور بارزانی سەرۆكایەتی دەكات، زەمینە نەڕەخسا كە كورد بە تەبایی و یەكڕیزی بەشدار بێت و بە یەك تیمیش دانووستان بكات، سەرەڕای ئەوانەش باڵی دەستڕۆیشتوو و خۆسەپێنی ناو پارتی، نەك پێشوازی لەم نیازپاكیەی یەكێتی نەكردوە، بەڵكو بە رق و كینەیەكی ئەستوورەوە لەرێگەی میدیای فەرمی و سێبەرەوە رۆژانە پەلاماری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەدات و كۆمەڵێك تۆمەتی نابەجێ و پڕ لە درۆ هەڵدەبەستێت و دەخاتە پاڵ یەكێتی، هەر بەوەش نەوەستان، بەڵكو لە دوێنێوە بابەتی جوڵەپێكردنی هێزێكی حەشدی شەعبی لە دەڤەری كوڵەجۆی گەرمیان كراوەتە كەرەستەیەكی دیكەی تۆمەت هەڵبەستن و ئەمجارە بە فەرمانی راستەوخۆی مەسرور بارزانی، میدیای ئەو باڵە خۆسەپێن و شكستخواردووە پەیامێكی چەواشەكارانە كە دوورە لە هەر ئاكارێكی میدیایی و سیاسی و كۆمەڵایەتی بڵاودەكەنەوە، كە گوایە ئەو هێزەی حەشد بە رێككەوتنی پێشوەختە لەگەڵ یەكێتی و بە ئاگاداری سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی هاتوون، هەرچەندە هەر زوو چەواشەكارییەكەیان بوو  بە بڵقی سەر ئاو و ریسی درۆیان بوو بە خوری، چونكە هەر زوو یەكێتی پەیامێكی راشكاوانە و بەرپرسانەی بڵاوكردەوە و تێیدا رایگەیاند كە نە ئاگاداری هاتنی هێزەكەی حەشدین و نە قبوڵی دەكەین بمێَننەوە، پاشانیش بە هەوڵ و دیپلۆماسیەتی یەكێتی هێزەكە پاشەكشەی كرد، هەر زووش لێداونەكەی حەشدی شەعبی خۆیان، كە دوپاتیان كردەوە هاتنەكەیان پەیوەست بووە بە زانیارییەكی هەواڵگریی بۆ كێوماڵكردنی چەكدارانی تیرۆرستی داعش، تەنها مایەپوچی بۆ میدیای درۆی ئەم باڵە هێشتەوە.

ئەوەی لە هەمووی ناخۆشترە ئەوەیە كە هاوكات لەگەڵ ئەم چەواشەكارییانەی ئەوان لەسەر جوڵەی هێزێكی حەشدی شەعبی، ئاگرێكی بێ ئامان لە دەڤەری بەرواری باڵا لە بادینان تەڕ و ووشكی چوار گوندەكەی سوتاند و لە پاڵ كارەساتە ژینگەیی و سروشتیەكەی ناوچەكە خەریك بوو هاوڵاتیانی ئەو گوندانە هاوشێوەی رەز و باخیان ببنە قوربانی و كارەساتێكی مرۆییش رووبدات.

بۆیە ئەگەر راستە مەسرور بارزانی و میدیا چەواشەكارەكەی خەمی هاوڵاتیان و خاكی كوردستانیان هەیە، دەبوایە لە جیاتی پەیامی چەواشەكاریی و ئەو هات و هاوارە لەسەر كوڵەجۆی دەڤەری گەرمیان، پەیامێكی كورتیان هەبووایە و تێیدا داوای یارمەتی و بەهاناوەچوونی لە خەڵكی كوردستان كردبایە، بەتایبەتی خەڵكی دەڤەری بادینان كە بەهانای هاوڵاتیانی ئەو گوندانەوە بچن و ژیانیان لە مەترسی رزگار بكەن، ئەوكاتە بەدڵنیاییەوە دڵسۆزان و خێرخوازانی دەڤەری بادینان بە هانای خەڵكە لێقەوماوەكە دەچوون و ئەو زیانە زۆرە بەر گوندەكانیان نەدەكەوت و ئاوارەی شوێنەكانی دیكە نەدەبوون، كەچی لەسەر ئەم روداوە دڵتەزێنە مێش میوانیان نەبوو.

بۆیە ئێمە رایدەگەیەنین كە پشوو درێژیمان بەرامبەر رق و كینەو 

چەواشەكارییەكانی ئەم باڵە شەرەنگیزییەی ناو پارتی سنووری خۆی هەیە و لێرە بەدواوە بێدەنگی دەشكێنین نەك هەر وەڵامی چەواشەكارییەكانیان دەدەینەوە، بەڵكو هەموو ئەو راستیانە دەخەینەڕوو، كە مەسرور بارزانی هۆكاری تێكچوونی دۆخی سیاسی و ئەمنی ‌و حكومڕانی هەرێمی كوردستان و ناوچە دابڕێنراوەكانە و لەو ساتەوەختەوەی دەسەڵاتی گرتۆتەدەست دەستكەوتەكانی هەرێمی كوردستان ساڵ بە ساڵ كەوتونەتە مەترسیەوە و تەنانەت شیرازەی ناوخۆیی پارتیشی تێكداوە، ئەنجامی هەڵبژاردنی ناوچە دابڕێنراوەكان هەر ئەوە دەیسەلمێنێت، كە بەهۆی سیاسەتی تاكڕەوانەی مەسرور بارزانیەوە حزبەكەیان خەریكە دەبێتە حزبێكی لۆكاڵی.

لەلایەكی دیكەوە ئەگەر مەرامێكی دیكەی باڵە خۆسەپێنەکەی ناو پارتی لە خوڵقاندنی كەشێكی ناسەقامگیری  سیاسی و میدیای لە هەولێر  بۆ ئەو مەرامە بێت، كە جارێكی دیكە بە خەیاڵی خۆی هەڵبژاردن دوابخرێت و لەسەر كورسی حوكم بمێنێتەوە، ئەوە ئێمە دژی دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانین و دەبێ تاڵاوی ئەو شكستە بچێژن زوو بێ یا درەنگ، دوا پەیامیشمان ئەوەیە كە ئەوەی ماڵی لە شووشە بێت باشترە بەرد نەگرێتە قەڵایەكی پۆڵاین.

سەرچاوەیەک لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان 
٢٦/٨/٢٠٢٤



PM:10:15:26/08/2024