"لیژنەیەکی لێكۆڵینەوە لە ئاگرەكەی بازاڕی جوانكاری ئۆتۆمبێل پکهێنرا"

پارێزگاری هەولێر ڕایدەگەیەنێت" لێژنەیەکی لێکۆڵینەوە بۆ هۆکار و خەمڵاندنی زیانەکانی ئاگرەکەی بازاڕی جوانکاری ئۆتۆمبێل لە هەولێر پێکهاتووە". 

ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، ئەمڕۆ سێشەممە ٢٧ی ئابی ٢٠٢٤ لە کۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" تائێستا هۆكاری سەرەکی ئاگرکەوتنەوەکەی شەوی ڕابردووی شەقامی ٦٠ مەتری هەولێر نەزانراوە". 

ئەوەشی خستەڕوو، بۆ ئەو مەبەستە لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە دەستیان بە کارەكانی کردووە، بۆ زانینی هۆکارەکان و خەمڵاندنی زەرەر و زیانەکانی ئاگرەکە، لە ماوەیەكی کەمیشدا ئەنجامەكەی لەلایەن بەرگری و شارستانییەوە ئاشكرادەکرێن

"ڕووداوەکە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە، لە ئێستاشدا دەست بە خاوێنکردنەوەی بازاڕەکە کراوە". (ئومێد خۆشناو وادەڵێت)

درەنگانی شەوی ڕابردوو لە بەشێکی بازاڕی کەلوپەلی جوانکاری ئۆتۆمبێل لە شەقامی (٦٠) مەتری شاری هەولێر ئاگرێکی گەورە کەوتەوە، دوای زیاتر لە حەوت كاتژمێریش توانرا بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئاگرەكە كۆنتڕۆڵبکرێت. 



PM:12:41:27/08/2024