وەزیری ناوخۆ: هەر بنکەیەکی دەنگدان کێشەی تێبکەوێت سندوقی دەنگدان دەگۆڕدرێت

وەزیری ناوخۆی هەرێم جەخت لەوە دەکاتەوە کە بە گوێرەی رێکارەکانی کۆمیسیۆن پلانی ئەمنی رۆژی هەڵبژاردن دادەڕێژن و وتی" هەر بنکەیەکی دەنگدان کێشەی تێبکەوێت سندوقی دەنگدان دەگۆڕدرێت".

ئەمڕۆ سێشەممە ٢٧ی ئابی ٢٠٢٤ رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێم لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند" هەر لایەنێك لە بانگەشەی هەڵبژاردن چەك دابەشبكات و هەركەس وەریبگرێت، ئەو چەكە وەكو نایاسایی مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت و دەستی بەسەردا دەگیردرێت".
لە درێژەی قسەکانیدا وەزیری ناوخۆی هەرێم وتیشی" بەگوێرەی رێکارەکانی کۆمیسیۆن پلانی ئەمنی رۆژی هەڵبژاردن دادەڕێژن، پێویستە پرۆسەی هەڵبژاردن بە ئارامی بەڕێوەبچێت و بەربژێران پارێزراوبن بەتایبەتی ژنان ، هەر بنکەیەکی دەنگدان کێشەی تێبکەوێت سندوقی دەنگدان دەگۆڕدرێت."
وەزیری ناوخۆ ئاماژەی بەوەشكرد، هاوکاریی لایەنە سیاسییەکان لەکاتی بانگەشە و رۆژی هەڵبژاردندا گرنگە، هەموو دامەزراوە حکومییەکان هاوکاردەبن لە رێکخستنی بانگەشەی هەڵبژاردن.

لەبارەی هۆكاری دواكەوتنی مووچەی مانگی ٧ـی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان وەزیری ناوخۆ راشیگەیاند" ئەوەی كراوە لە ئامادەكردنی لیستی مووچەی مەدەنی و ئەمنی، هەمووی بەشێوەیەكی رێك و پێك ئامادەكراوە، بەشێكی زۆری هۆكاری دواخستنی مووچە بیانووە و هیچ پەیوەندییەكی بە وردبینییەوە نییە".

"هەموو تێبینییەكانی بەغداد لەبەرچاو گیراون و هی ئەوەنین بەهۆیانەوە مووچە رابگیردرێت، ئیرادەیەكی سیاسی لەپشت راگرتنی مووچەوە هەیە بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان تووشی كێشە و گرفت ببێت، بەتایبەتی كە ئێستا هەڵبژاردن بەڕێوەدەچێت".( وەزیری ناوخۆی هەرێم وای وت).

رێبەر ئەحمەد دەشڵێت " زیاد لە پێویست پێداچوونەوە بە لیستەكانی مووچەدا كراوە و خەرجنەكردنی مووچە پێچەوانەی دەستوور و یاسایە و پێویستە هیچ بیانوویەك لەلایەن بەغدادەوە نەهێڵدرێت بۆ خەرجكردنی، هەرێمی كوردستان هەرێمێكی دەستوورییە و پێویستە مووچە و بودجەی خۆی هەبێت، بەداخەوە بە بیانووی جیاواز جارێك دەڵێن لیستی مووچە مەدەنی و جارێك ئەمنی و جارێك پێشمەرگە كێشەی هەیە، ئەمانە هەمووی بیانوون و هیوادارین بگەڕێنەوە رێگەی راست و چیدیكە مووچە دوانەخرێت و مووچە دژی هەرێمی كوردستان بەكارنەهێندرێت".




PM:05:32:27/08/2024