وەفدێكی هەرێم لەسەر پرسی مووچەی مانگی حەوت دەچنە بەغداد

یاریدەدەری سەرۆكی حکومەتی هەرێم ڕایدەگەیەنێت" ئەو پارەیەی دوێنێ نێردراوە بۆ مووچە، تایبەتە بە مووچەی مانگی هەشت لە كاتێكدا هێشتا هەرێم لیستی مووچەی مانگی ئابی رەوانە نەكردووە و چاوەڕوانی تەموویلی مانگی حەوتە"، دەشڵێت" ئەمڕۆ وەفدێكی هونەری و دارایی بۆ بابەتی مووچەی مانگی حەوت دەچنە بەغداد". 

رێباز حەملان یاریدەدەری سەرۆكی حكومەتی هەرێم (ماوە بۆدرێژکراوە) بۆ كاروباری دارایی، لە ڕوونکردنەوەیەکدا بڵاویکردەوە" دوێنێ بڕی ٥٤٩ مليار و ٥٧٢ مليۆن ديناری خستە سەر حسابی وەزارەتى دارايى و ئابوورى کە تايبەته به مووچەى مانگى هەشت (صرف رواتب الاقليم لشهر آب)، لە کاتێکدا وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم چاوەرێی تەمویلی تەواوی مووچەخۆران بوو بۆ مانگی تەمووز". 

یاریدەدەرەكەی مەسرور بارزانی ئاشكراشیکردووە كە وەزارەتی دارایی هەرێم هێشتا لیستی مووچەی مانگی هەشتی رەوانەی بەغداد نەکردوە چۆن وەزارەتی دارایی عێراق موچەی مانگی هەشتی نارد کاتێک پرسیاریان لێکرا وەزارەتی دارایی وتوویانە" ئێمە لەسەر لیستی مانگی حەوت مووچەی مانگی هەشتمان بۆ ناردوون". 

رێباز حەملان ڕاشیگەیاندووە" ئەمە باشترین بەڵگەیە لەبارەی ئەوە، ئەمەی بەغداد بەرانبەر هەرێم دەیکات تەواو سیاسییە و هیچ بنەمایەکی هونەری و کارگێری و یاسایی نییە، لە کاتێکدا وەزارەتی دارایی عێراق تێبینیان هەبوو لەسەر لیستی مووچەی مانگی حه‌وت کە تێبینیتان هەیە ئەی چۆن لەسەر هەمان لیستی مووچەی مانگی حه‌وت مووچەی مانگی هه‌شتان نارد؟ بێ ئەوەی هێشتا هەرێم داوای کردبێت". 

لە كۆتایی روونكردنەوەكەی رێباز حەملاندا هاتووە" ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٨ی ئابی ٢٠٢٤ وەفدێکی هونەری و دارایی لە هەردوو بەرێوەبەرایەتی گشتی ژمێرکاری و بودجە و چاودێری دارایی هەرێم بۆ بابەتی مووچەی مانگی حەوت دەچنە بەغداد".  



AM:08:35:28/08/2024