بەغدا مووچەی دوو مانگی هێزە ئەمنییەکانی نارد

بەغدا بڕیاری خەرجکردنی دوو مووچەی هێزەئەمنییەکان داوە و سبەی پێنجشەممە بەغداد بڕی ٨٠٠ ملیار دینار دەخرێتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی هەرێم، بەڵام مووچەی فەرمانبەران نانێرێت.

بە گوێرەی زانیارییەکانی سپی بەغدا بڕیاری ناردنی مووچەی مانگی ٧ و ٨ی هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی داوە، و سبەی پێنج شەممە ٢٩ی ئابی ٢٠٢٤  دەخرێتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان، بەڵام بەغدا هیچ برە پارەیەک بۆ مووچەی مانگی ٧ی فەرمانبەرانی هەرێم نانێرێت. 

هەر بە پێی زانیارییەکانی (سپی) ئەو بڕە پارەیەی بۆ مووچەی هێزە ئەمنییەکان دەنێردرێت بڕی ٤٠٠ ملیار دینارە بۆ هەر مانگێک و ٨٠٠ ملیار دینار دەنێردرێت.

سەبارەت بە مووچەی مانگی ٧ی فەرمانبەرانی هەرێم بەغدا رایگەیاندووە" ٣٦ ملیار دیناری مانگی پێش و پێشتریش ٦٠٠ ملیار دینارمان ناردووە و بەمجورە دەبێت حکومەتی هەرێم مووچەی مانگی ٧ی فەرمانبەران دابین بکات".

هەر ئەمڕۆ بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی " سپی" لە کۆبوونەوەی نێوان وەفدی دارایی هەرێم و وەزارەتی دارایی عێراق، داواکراوە کە بەغدا تەواوی مووچەی مانگی حەوت بنێرێت، بەڵام بەغدا سوور بووە لەسەر ئەوەی جگە لە ٣٦ ملیار دینارەکە پارەی دیکە نانێرێت.( بەمەش کۆبوونەوەکە لەسەر مووچەی مانگی تەموز ٧ شکستی خواردووە ).

بەپێی زانیارییەکان لە کۆبوونەوەکەدا لایەنی عێراقی سوور بوونی خۆی نیشانداوە بۆ ئەوەی سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بایۆمەتریی بکەن.

بڕیاریش دراوە مووچەی فەرمانبەر و مامۆستایانی ناوچە دابڕێنراوەکان بگوازرێتەوە سەر وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ.
بڕیارە سبەی وفدی دارایی هەرێم لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی عێراقدا کۆببنەوە. 







PM:08:05:28/08/2024