وتەبێژی یەکێتی لەبارەی زیادبوونی ناوی زیادە لە لیستی مووچەدا دەڵێت" عێراق لە خۆیەوە مووچەی خەڵک نابڕێت، ناو زیاد دەکرێت بۆیە مووچە دەبڕێت".
سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند" لیستی مووچەخۆران ئێمە نایکەین وەزارەتی دارایی دەیکات و سەرپەرشتی دەکات، ئەگەر ئێمە ناومان زیادکردووە لە کوێیە کام وەزارەت ئاسایش پێشمەرگە کامیان؟ ئەوەی لە وەزارەتی ناوخۆ ٢٠٠٠ کەسێک زیاد کراوە ئێمەی تێدا نییە، لە پێشمەرگە باس لە ٣٠ هەزار دەکرێت یان لە پەروەردە هی ئێمە نین و ئێمە زیادمان نەکردوون واتە لە سلێمانی ناوی نوێ زیاد نەکراوە بۆ لیستی مووچە".
سەعدی پیرە ئاماژەی بەوەشداوە ئەگەر حکومەتی هەرێم یان لایەنێک دەیەوێت ناو زیاد بکات با بە ئاگاداری عێراق بێت، یەکێتی دژی زیادکردنی ناوی نوێ و بە بارمتەگرتنی مووچەی هاووڵاتیانە، دەبێت ئەو هەژمارە حسابی بۆ بکرێت کە هاووڵاتیان لە ڕێگەیەوە دەتوانن مووچەکانیان وەربگرن، وە دژی موناقەشەی بێ مانایە لەسەر هەژماری من.
" عێراق لە خۆیەوە مووچەی خەڵک نابڕێت، ناو زیاد دەکرێت بۆیە مووچە دەبڕێت و کیشەی بۆ دروست دەکرێت، پارتی واز لە زیاد کردنی ناو ناهێنێت یەکێتی دژی ئەوەیە، بابەتی هەژماری من و هەژماری تۆ و زیاد کردنی ناو دەبێ کۆتایی پێ بهێنرێت، دەبێت ئەو بڕیارەی لە مەحکەمەی ئیتیحادی بڕیاری لێدراوە سەبارەت بە مووچە وەک خۆی جێبەجێ بکرێت".( وتەبێژەکەی یەکێتی وای وت).
لەلایەکی ترەوە پارتی لەبارەی هەبوونی ناوی زیادە و دووبارەبوونەوەی ناوەکان و وەرگرتنی دوو مووچە بۆچوونی جیاوازی هەیە، پارتی پێی وایە هیچ تاوانبار نییە لەو بابەتەدا و بگرە دەشڵێت" لیستی مووچەی مانگی تەمووز ٥٧٧ کەسی کەمترە لە لیستی مووچەی مانگەکانی ڕابردوو".
لەمبارەوە شوان محەمەد پەرلەمانتاری پارتی لە بەغداد بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندووە" ئەوەی وەزارەتی دارایی و وەزیری دارایی عێراق دەیکات ئەجێندای سیاسی و دەستی سیاسی لە پشتە بۆ سزاداری هەرێمی کوردستان و خەڵکی هەرێمی کوردستان، ئێمە وەک پارتی چ پەیوەندیمان بەو با بەتەوە هەیە هەرچی دەکرێت وەزارەتی دارایی هەرێم خۆی دەیکات".
سەبارەت بە زیادبوونی ناو لە لیستی مووچەدا ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەدا، بەیاننامەی فەرمی بەڕیوەبەرایەتی گشتی ژمێریاری وەزارەتی دارایی هەیە، کە جەخت دەکاتەوە لە مانگی حەوت بە بەراورد بە مانگی هەشت ٥٧٧ کەس لە کۆی لیستەکان کەمی کردووە نەک زیادی کردبێت، تەنها ئەوانە نەبێت کە لە ڕابردوودا بایۆمەترییان نەکردووە، لە هەموو سلکە مەدەنی و سەربازیەکان لە خودی عێراقیش چەندین کەس بایۆمەتری نەکردووە، جگە لە مووچەی هەندێک لە مامۆستایانی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی هەرێم مووچەیان لەسەر هەرێمە، بەڵام لە لیستەکەدا ناویان نەنوسراوە.
زیاتر لە ٥٥ ڕۆژە مووچەخۆرانی هەرێم مووچەیان وەرنەگرتووە، نوێنەرە کوردەکانیش لە بەغداد دەڵێن، بەهۆی هەبوونی كێشەیە لە لیستی مووچەی مووچەخۆراندا و یەکێک لە کێشە سەرەکیەکانیش دەگێڕنەوە بۆ زیادکردنی ناوی نوێ بۆ لیستی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم، جگە لەمە لایەنەکانیش یەکتری "تۆمەتبار" دەکەن بە هۆکاری دواکەوتنی مووچە.