ماڵپەڕی " سپی " کاری میدیای لەسەر ٣١ ی ئاب و ١٦ ی ئۆکتۆبەر ناکات

دەقی راگەیاندنێکی دەزگای " سپی میدیا " لەسەر رووماڵکردنی هەردوو رووداوی ٣١ ی ئاب و ١٦ ی ئۆکتۆبەر..

ماڵپەڕی " سپی " رووماڵی ئەو هێرشە ناشیرینەی نێوان یەکێتی و پارتی لەسەر ٣١ ی ئاب و ١٦ ئۆکتۆبەر ناکات


هەموو ساڵێک لەم دوو رۆژدا ٣١ ی ئاب و ١٦ ی ئۆکتۆبەر یەکێتی و پارتی ئەوەی سوکایەتی بێت بە یەکتری دەکەن، ئەمساڵ ناشیرینتر لەساڵانی رابردووش بە بۆنەی نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەوە ئاستی گوتاری میدیاکانیان و میدیا سێبەرەکانیان هێندە نزمە کە هیچ مانایەکی بۆ کاری میدیای نەهێشتۆتەوە، وەک میدیایەکی " بەرپرس " ماڵپەڕی سپی میدیا و پەیجەکانی لە سۆسیال میدیا رووماڵی ئەو بابەتانە ناکات کە لەم دوو رووداوەدا بڵاودەکرێتەوە، هۆکارەکەشی:

- هەرێم لەبەردەم هەڵبژاردندایە پێویستە کەشێکی لەبار و ئارام بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردن بڕەخسێنرێت نەک بەمشێوە دزێوە  هەردوولادا بارگژی دروستبکەن و کەشێکی نا تەندروست بخولقێنن.

- یەکێتی و پارتی بۆیە بەم شێوەیە میدیاکانیان ئاراستە دەکەن، چونکە بەدرێژایی حوکمی ٣٣ ساڵەیان هێندە کاری جوانیان نەکردووە کە ببێتە مایەی پیادا هەڵدان و لاوانەوەی میدیاکانیان، بەڵکو هێندە رووداو و کارەساتی ناخۆشیان بەسەر کۆمەڵگای کوردیدا هێناوە، تەنها ناشیرینکردنی یەکتریان بە دەستەوە ماوەتەوە.

- خەڵکی هەرێمی کوردستان لە دۆخێکی ئابوری و سیاسی و ئەمنی زۆر خراپدا ژیان گوزەر دەکات، پارتی و یەکێتی دەیانەوێت بەم کارەیان سەرنجی خەڵک دووربخەنەوە لە کێشە قوڵەکانیان و بەلارێیدا بەرن.

- ئیشی میدیای بەرپرس نییە ببێتە مایەی قوڵکردنەوەی کێشەکان و بەنزین بکات بە ئاگردا، بەڵکو ئیشی میدیا دەستبەرکردنی هێمنی و ئارامییە لەسەر هەموو ئاستەکان بە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابورییەوە، بە تایبەتیش بۆ خەڵکی کوردستان کە دەیان ساڵە نوقمی شەڕ و توندوتیژی و بارگرژییە.

- هەرچی هەردوو رووداوی ٣١ی ئاب و ١٦ ی ئۆکتۆبەرە، ئەوا چەندان ساڵە ئیشی میدیایان لەسەر دەکرێت و لاپەڕەیەکی نهێنی تیا نەماوە کە باس نەکرابێت، ئەو دوو رووداوەو دەیان رووداوی دزێوی تری ئەم دوو حزبە و حزبەکانی تر دەبێت بسپێردرێن بە مێژوو و ناوەندە زانستی و ئاکادیمییەکان کە دوور لە هەموو بۆچوونێکی سیاسی و ئایدیۆلۆژی کاری زانستی سەربەخۆیان لەسەر بکرێت. 
  
دەزگای راگەیاندنی سپی..  




AM:10:31:31/08/2024