لەسەر نووسینی توێژینەوەیەک بە ناوی (ئاسۆیەک ئاوا نابێ)، سکاڵای یاسایی لەسەر عەبدوڵڵا کەریم مەحمود نوسەر و ڕۆژنامەنووس تۆمارکراو پاش چەندان دانیشتینی دادگا نوسەرەکە داوەکەی بردەوە.
بەپێی بڕیارێکی دادگای بەرایی سلێمانی کە ڕۆژی ٣١ی تەموزی ئەمساڵ بە سەرۆکایەتی دادوەر د. نەرمین ئەبوبەکر محەمەد بەڕێوەچووە و سکاڵەکە لەلایەن دێرین محەمەد حلمی تۆمارکراوە، تێیدا هاتووە" لە ساڵی (١٩٩٨-٢٠١٩)عەبدوڵڵا کەریم مەحمود توێژینەوەیەکی بە ناوی (ئاسۆیەک ئاوا نابێ ) بە ٢٠ساڵ تەواوکرد، بەڵام لە لایەن داواکارێکەوە سکاڵای لەسەر تۆمارکراوە و داوای ٥٠ ملیۆن دیناریان لێ کردووە، بە تۆمەتی ئەوەی ئەوان توێژەریان رایان سپاردوە و بەپێی داوکاری ئەوان توێژینەوەکەی نەنوسیووە، عەبدوڵڵا کەریم ئەو تۆمەتەی رەتکردەوە و سکاڵای داواکار بەتاڵ کرایەوە".
ئاماژە بەوەشکراوە، داواکار سکاڵای دووەمیان کرد و داوای ١٠٠ ملیۆن دیناریان لە توێژەر کردووە کە" گوایە ناوی حیلمی زڕاندوە و توێژینەوەکەی چاپ کردووە، داواکار د. رەئوف عوسمان و رەفیق ساڵح-یان وەک شاهیدی دیاریکرد، هەردوو شاهیدەکە وتیان توێژینەوەکەمان خوێندوەتەوە ناو زڕاندنی تیا نییە و چاپیش نەکراوە، بەڵام داواکار هەر سور بوو لەسەر سکاڵاکەیان".
ئەوەش هاتووە" دادگا توێژینەوەکەی سپارد بە پسپۆرێکی مێژوو، ئەویش وتی هیچ ناوزڕاندنێکی تیا نیە و بە پێجەوانەوە، ئەو توێژینەوەی بۆ حیلمی عەلی شەریف نوسراوە تا ئێستا بۆ هیچ سەرکردەیەک نەکراوە".