هێزەکانی سوپای تورکیا تەقە لە خەڵکی گوندێکی دەڤەری ئامێدی دەکەن

ئێوارێی ئەمڕۆ هێزە سەربازییەکانی تورکیا تەقە لە دانیشتوانی گوندێکی نەهێڵ لە بناری چیای مەتین دەکەن و بەو هۆیەوە هاوڵاتییەک بە سووکی بریندار دەبێت، ئەوەش یەکەمین جارە هێزەکانی سوپای تورکیا ڕاستەوخۆ هاوڵاتیانی مەدەنی دەکەنە ئامانج.

سەرچاوەیەک لە گوندێکی چیای مەتین ئەمڕۆ یەکشەممە ١ی ئەیلوول بە میدیای سپی ڕاگەیاند، کاتژمێر ٥ی ئێوارێ  هێزەکانی سوپای تورکیا  لە گوندی بەلاڤەی سەروو  تەقە لە  هاوڵاتیان دەکەن و لە ئەنجامدا هاوڵاتییەک بە سووکی بریندار دەبێت.

سەرچاوەکە  ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد ، کاتێک سەرقاڵی کاروباری ڕۆژانەیان بوون لە ناکاو لە لایەن هێزەکانی سوپای تورکیا دەکرێنە ئامانج و دواتر بە هۆی تەقەکردنەکە تاشە بەردێک بە سەر  هاوڵاتییەک دا دەکەوێت و  برینداری دەکات.

ئەوەش لە کاتێکدایە کە لەو ماوەیەدا سوپای تورکیا چەندین بارەگا و بازگەی لەو ناوچەیە دامەزراندووە  و بەو هۆیەش ئاستەنگی بۆ هاوڵاتیانی ناوچەکە دروستکردوە



PM:09:00:01/09/2024