هاوسەرۆکی دەم پارتی لەسەر کوژرانی گەنجەکەی باشور هاتە دەنگ


هاوسەرۆکی پارتی دیموکراسی‌و یەکسانیی گەلان  له بارەی کوژرانی گه‌نجێكی باشوری کوردستانەوە بە چەقۆ له ‌ئیستانبوڵ دەڵێت" كوشتنی ئه‌و گه‌نجه‌ جێگه‌ی شه‌رمه‌زارییه‌، کوردان هەزاران ساڵە لەسەر ئەم خاکە دەژین‌و هیچ کاتێک خیانەتیان لەهیچ گەلێکی دیکە نەکردوە".

ئەمڕۆ دوو شەممە تونجەر باقرخان هاوسەرۆکی دەم پارتی لەمەراسیمێکدا لەشاری وان لە بارەی کوشتنی گەنجەکەی شاری دهۆک‌ بە چەقۆ لەلایەن چەند تورکێکەوە وتی " سێ هاوڵاتیی شاری دهۆک لەئیستانبوڵ تەنها لەبەر قسەکردنیان لەزمانی کوردی ڕوبەڕوی هێرش بونەتەوەو یەکێک لەو کەسانەش کە گەنجێکە گیانی لەدەستداوە، بەشێک لەدەسەڵاتدارانی تورکیا شەڕیان دەوێت‌و بەردەوام دوژمنایەتیی کورد دەکەن، بەڵام کوردان هەزاران ساڵی لەسەر ئەم خاکە دەژین‌و هیچ جارێک خیانەتیان لەو گەلانە نەکردوە کە لەسەر هەمان خاک لەگەڵیان دەژین".

 لە درێژەی قسەکانیدا وتیشی " لە ١٠  ساڵی ڕابردودا دەسەڵاتی ئاکەپەو مەهەپە بەئاشکرا کوردەکان بەئامانج دەگرن‌و دەبنەهۆی ئەوەی کورد لەلایەن فاشیستەکانەوە بکوژرێن، ده‌بێت کۆتایی بەزیهنیەتی نەژادپەرستی‌و فاشیستی بێت‌".

ئەو هەڵوێستەی دەم پارتی لە کاتێکدایە کە لەلایەن درۆنەکانی تورکیاوە چەندان گەنجی باکور لە باشوری کوردستان کراونەتە ئامانج، کەچی هەردوو حزبی دەسەڵاتداری پارتی و یەکێتی لەسەر ئەو هێرشانە هیچ هەڵوێستێکی بەرچاویان نییە.



PM:12:39:02/09/2024