ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، بڕیاریدا بە زیادکردنی شایستە داراییەکانی دەستەی حەشدی شەعبی بۆ ساڵی ٢٠٢٤، کەمترین مووچەی هەر ئەندامێکی حەشدی شەعبی یەک ملیۆن دینارە.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە ٣ی ئەیلوول لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەنجوومەنەکە لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی خۆیدا بڕیاریداوە بە زیادکردن و دەستەبەرکردنی شایستە داراییەکانی دەستەی حەشدی شەعبی.
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەشکردووە، ئامانج لەو بڕیارە دڵنیاییدانە لە دابینکردنی مووچە و شایستە داراییەکانی دەستەی حەشدی شەعبی بە تەواوی.
ئەو بڕیارەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە کاتێکدایە، رۆژی ٢٨ـی ئابی رابردوو، دەنگۆی دواکەوتنی مووچەی حەشدی شەعبی لە میدیا عێراق بڵاوکرایەوە، بەڵام دواتر وەزارەتی دارایی عێراق روونکردنەوەی لەسەر بابەتەکە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئەو هەواڵانەی لەبارەی دواکەوتنی مووچەی حەشدی شەعبی بڵاوکراونەتەوە دوورن لە راستییەوە و رۆژی یەکشەممە ١ـی ئەیلول مووچەی ئەو توێژە تەرخاندەکرێت.
ژمارەی هێزەکانی حەشدی شەعبی نزیکەی ١٧٠ هەزار کەسە و مانگانە هەر ئەندامێکی ئاسایی ئەو هێزە لانیکەم بڕی یەک ملیۆن دینار وەردەگرێت، پشکی حەشدی شەعبی لە یاسای بودجەی ساڵانەی عێراق دوو ملیار و ٧٠٠ ملیۆن دۆلارە.