چاودێر: هێزێکی کۆماندۆ دەستیان بەسەر کەلوپەلی دەزگاکەماندا گرت


ئێوارەی ئەمڕۆ پێنج شەممە ٥ ی ئەیلول هێزێکی کۆماندۆ هەڵدەکوتنە سەر دەزگای رۆشنگەری چاودێر کە خاوەنەکەی مەلا بەختیارەو دەست بەسەر دەزگاکەدا دەگرن. 

تۆڕی ناوەندی رۆشنگەریی چاودێر لە راگەیاندنێکی کورتدا کە ئەمشەو ٥ ی ئەیلول بڵاویانکردەوە، دەڵێن" کاتژمێر ٥ ی ئێوارەی ئەمڕۆ، هێزێکی کۆماندۆ، چونە سەر بارەگای سیاسەتمەدار و رۆشنگەر مەلا بەختیار و دەزگای رۆشنگەریی چاودێر و بنکەی روناکبیریی گەلاوێژ لە گردی ئەندازیاران".

بەپێی راگەیاندنەکە" هێزەکە پاسەوانەکانی دەزگای چاودێریان ئینزن داوەو دەستیان بەسەر تەواوی کەلوپەلی دەزگاکەدا گرتوە". 

لەو راگەیاندنەدا هاتووشە" ئێمە وەکو تۆڕی ناوەندی رۆشنگەریی چاودێر، سەرکۆنەی ئەو کردەوەیە دەکەین و ئەم کارە بە پێشهاتێکی مەترسیدار بۆ سەر ئازادی نوسین، ئازادیی بیروڕا، ئازادی ویژدان دەزانین."

وەک هەندێک زانیاری نافەرمی لەناو سەرکردایەتی یەکێتی یەوە ئاماژەی بۆ دەکەن هۆکاری ئەو دەستبەسەردا گرتنەی دەزگای چاودێر کە دەزگایەکی رۆشنبیرییە، دەگەڕێننەوە بۆ ئەو جموجوڵە سیاسیانەی بەم دواییانە مەلا بەختیار ئەنجامداوەو، باس لەوەش دەکەن کە پلانی داناوە بۆ دروستکردنی رێکخراوێکی سیاسی.

ئەو هێزەی جموجوڵەکەشی پێکراوە هێزی کۆماندۆتە وەک راگەیاندنەکەی چاودێر ئاماژەی بۆ کردووەو، ئەم هێزە بەفەرمانی خودی سەرۆکی یەکێتی جموجوڵ دەکات.

بڕیارە مەلا بەختیار لەو بارەیەوە لێدوانێک بڵاوبکاتەوە.



PM:07:39:05/09/2024