ئاوات شێخ جەناب: سەعدی ئەحمەد پیرە بێ خەبەرە


ئاواتی شێخ جەناب وەزیری دارایی هەرێم وەڵامێکی توندی سەعەدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی یەکێتی دەداتەوەو ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە " بێ خەبەرە ".
 
وەزیری دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ دەنگی ئەمەریکا بە توندی وەڵامی وتەبێژی یەکێتی دایەوە سەبارەت بە پرسی دواکەوتنی مووچە و دەستەڵاتەکانی وەزارەتەکەی لە ناوچەکانی ژێر دەستەڵاتی یەکێتیدا و بە سەعدی پیرە دەڵێت "ئەو کاکەیە بێ خەبەرە" و زانیاری ناڕاستی پێدراوە.

ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی حکومەتی هەرێم، لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت "قسەیەکی کوردی هەیە دەڵێت، لە بێ خەبەران کەشکەک سەڵاوات. بەداخەوە ئەو کاکەیە (سەعدی پیرە) بێ خەبەرە، چونکە جارێ نە ئاواتی شێخ جەناب خاوەنی لەشکر و هێزەو، نە وەزارەتی دارایی هێزی هەیە. لای ئێمەش ناو زیاد ناکرێت، ئێمە پەیوەستین بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران و یەک ناوی زیادە نانێرین، لەبەرخاتری چەند ناوێکی حزبی و کەسی مووچە و قوتی خەڵک بخەینە غەرغەرەوە. بۆیە پێشموایە دەبێت بە کاک سەعدی بڵێین، 'سیحەتت باشە؟' چونکە وانییە."

ڕۆژی 28ی مانگی هەشت سەعدی پیرە وتەبێژی یەکێتی، لە وتووێژێکدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا وتی " یەکێتی نەبووەتە هۆی دواکەوتنی مووچە و زیادکردنی ناوی نوێ بۆ لیستی مووچە". ئەو بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندووە "لیستی مووچە وەزارەتی دارایی خۆی سەرپەرشتی دەکات و ئێمە بێبەرین لەو کارە، هاوکات ئەوە پارتیە وازناهێنیت لە زیاد کردنی ناوی نوێ."

هاوکات وتەبێژەکەی یەکێتی وەزارەتی دارایی بە لەدەستەڵات داماڵینی ئیدارەی سلێمانی تۆمەتبارکرد.

ئاوات شێخ جەناب دەڵێت "بەداخەوە" وتەبێژی یەکێتی ئاگاداری وردەکارییەکانی کێشەکە نییە "یان ئەو کەسانەی ئەو زانیاریەیان بۆ کاک سەعدی گواستووەتەوە ڕەنگە ڕاستگۆ نەبووبن."

وەزیری دارایی لەوەڵامی تۆمەتبارکردنیشیان لەلایەن وتەبێژی یەکێتییەوە بەوەی دەسەڵاتیان لە پارێزگای سلێمانی وەرگرتۆتەوە ڕایگەیاند، "زۆر سەیرە وتەبێژ هاتبێت بۆ چاوپێکەوتن، بەڵام خۆی ئامادە نەکردبێت. پێویستبوو پێش چاوپێکەوتنەکە کاک سەعدی هیچ نەبێت پرسیاری لە پارێزگار و سەرۆکی ئیدارە سەربەخۆکان و وەزیرەکانی حزبەکەی بکردایە، ئەوسا بۆی دەردەکەوت کە ئێمە دەسەڵاتمان لە سلێمانی وەرگرتۆتەوە یان پێچەوانەکەی ڕاستە. ئەوەی لەماوەی ئەم ٥ ساڵە ئێمە لەوەزارەتی دارایی بۆ هەماهەنگی و نەهێشتنی جیاوازی و ناعەدالەتی لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان کردومانە لەهیچ کابینەیەک نەکراوە، بۆیە دیسانەوە بەکاک سەعدی دەڵێم، "سیحەتت باشە ڕەوف؟'".
دەستەواژەی 'سیحەتت باشە ڕەوف' لە فیلمێکی کۆمیدی کوردییەوە وەرگیراوە و ماوەیەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتی و بازنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بە فراوانی بڵاوبووەتەوە.

لێدوانە توندەکانی بەرپرسانی هەرێم لە کاتێدایە مووچەی مانگی حەوت دوای نزیکەی دوو مانگ لە دواکەوتن سەرەتای ئەم هەفتەیە دابەشکرا. هەروەها چارەنوستی مووچەی مانگی هەشت لەلای بەغدا نادیارە.

بۆ مانگی حەوت نزیکەی 600 ملیار دینار کورتهێنان هەبوو لە پشکی مووچەی هەرێم. وەزیری داراییش سەرەڕای ئەوەی کێشەکە بە "سیاسی" ناو دەبات لە نێوان هەرێم و بەغدا، هەروەها دواکەوتنەکەی مانگی حەوتیش بە "نایاسایی" ناودەبات و دەڵێت، "بەپێی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی نابێت لە ژێر هیچ پاساوێکدا مووچە ڕابگیرێت."

ئاوات شێخ جەناب ڕایگەیاند، "دواکەوتنی مووچەی مانگی حەوت کۆمەڵێک کێشەی فەنییە، بەڵام لە ڕاستیدا پرسی مووچە بووە بە سایسی لە نێوان هەرێم و بەغدادا. ئێمە لیستی مانگی حەوتمان لەوادەی خۆیدا ناردبوو، بەڵام دوایانخست هەتا لە مانگی حەوتدا کێشەیەکیان دروستکرد بە حساب ئەوان تقاتوعی وەزیفیان کردووە. لە مانگی دووەوە کۆیانکردەوە هەتا مانگی حەوت قسەیان نەکرد، بە یەک جار پێنج کتابیان نارد کە تێبینی مانگی دوو و سێ و هەتا حەوتی تیا کۆبوبووەوە. بەدەر لە یاسا مووچەیان ڕاگرتووە، چونکە بە پێی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی نابێت لەژێر هیچ بیانوویەکدا مووچە ڕابگیرێت."

وتیشی، "تێبینیەکان بەشی هەرەزۆری چارەسەرکراوە...هەوڵمانداوە لەگەڵ خانەنشین و ئەوانەی تۆمار نەکراون هەتا سەری مانگ چارەسەربکرێن. پێموایە هەتا سەریساڵ لیستی مووچەمان لە هەموو شتێک پاکدەبێتەوە، سەبارەت بە مووچەی خانەنشینی سەربازییەکانیش کە پێشتر بە ناو داواکراوە، کاتی دەوێت هەتا هەڵەکان ڕێکدەخرێنەوە و بە بێ کێشە ناوەکان دەنێردرێن و ئەوانیش هاوتا دەکرێن لەگەڵ بەغداد."

لە مانگەکانی ڕابردوودا، جگە لە ناکۆکی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر پرسی بەبانکیکردنی مووچەی کەرتی گشتی هەرێم، هەروەها حکومەتی عێراق چەند تێبینییەکی لەسەر لیستی مووچەی هەرێم هەبووە کە بریتی بوون لە هەبوونی ناوی دووبارە، زیادکردنی ناو، نەبوونی بایۆمەتری، وە هەبوونی دوو مووچە.

بە وتەی وەزیری دارایی بەشێکی تێبینییەکان بەهۆی "لێکتێنەگەشتنەوە" بووە و زۆرینەیان چارەسەرکراون؛ وە حکومەتی هەرێم سورە لەسەر ئەوەی "هەژماری من" ببێتە سەرچاوەی دابەشکردنی مووچە بۆ مووچەخۆرانی هەرێم بە شێوەی ئەلکترۆنی.

بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی دارایی، لە سنوری سلێمانی ڕێژەی بەشداری لە هەژماری من تەنها %37، لە کاتێکدا لە هەولێر %96 و لە دهۆک %92 هەژمارەکەیان پڕکردۆتەوە. لە کۆی گشتی مووچەخۆرانی هەرێمیش نزیکەی 500 هەزار کەس بۆنەتە خاوەنی هەژمارەکە.




PM:11:44:05/09/2024