دەزگای ئاسایشی هەرێم ئەمڕۆ هەینی ٦ی ئەیلوول روونکردنەوەیەکی لەبارەی رادەستکردنی بێهزاد خەسرەوی بە ئێران بڵاوکردەوە و دەڵێت"بێهزاد خەسرەوی بەهۆی نەبوونی مۆڵەتی مانەوە و نیشتەجێبوون دەستگیرکراوە و کەیسەکەی پەیوەندی بە کاری سیاسییەوە نییە".
لە روونکردنەوەیەکدا دەزگاکە بڵاویکردووەتەوە و دەڵێت"دوای ئەوەی هەفتەی ڕابردوو هاوڵاتی (بێهزاد خەسرەوی) بەهۆی نەبوونی مۆڵەتی مانەوە و نیشتەجێبوون لەلایەن ئاسایشی سلێمانی لەناو شاری سلێمانی دەستگیردەکرێت، لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان دەرکەوت کە مۆڵەتی مانەوە و نیشتەجێبونی هەرێمی کوردستانی نییە پەیوه ندی به كاری سیاسییەوه نییە".
دەشڵێت"دوای دەستگیرکردنی و لەسەر داوای خۆی ( بێهزاد خەسرەوی )داوای گەڕانەوەی بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران کردووە".
ئاسایش راشیگەیاندوە، بۆ ئەم مەبەستەش ئاسایشی سلێمانی بەڵێن نامەیەکی یاسایی پێ واژۆ دەکات کە داواکار لەسەر خواستی خۆی دەیەوێ بگەڕێتەوە بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران، دواتر ڕێکارە یاساییەکانی گەڕانەوەی لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتی نشینگەی پارێزگای سلێمانی بۆ جێبەجێ کراوە .
پێشتر ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ڕایگەیاندبوو" هێزە ئەمنییەکانی شاری سلێمانی، هەفتەی ڕابردوو چالاکوانێکی سیاسی کوردی خەڵکی سەقزی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیان کە خاوەن پێداویستی تایبەت بووە، دوای ئەشکەنجەدانێکی توند ڕادەستی ناوەندە ئەمنییەکانی ئێرانیان کردۆتەوە".