مەحمود سەنگاوی خۆی دەدزێتەوە لە وەڵامی دەستبەسەرداگرتنی دەزگای چاودێر

مەحمود لە وەڵامی داخستنی ناوەندی ڕۆشنگەری چاودێر ڕایدەگەیەنێت" ئاگام لە كێشەكەی مەلا بەختیار نیە". 

مەحمود سەنگاوی ئەندامی پێشووی مەکتەبی سیاسی یەکێتی، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە لەبارەی کێشەی بافڵ تاڵەبانی و مەلا بەختیار لەسەر داخستنی ناوەندی ڕۆشنگەری چاودێر، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" ئاگام لە كێشەكەی مەلا بەختیار نیە". 

هەروەها لە وەڵامی پرسیارێکی پەیامنێری ماڵپەری (سپی) دەڵێت" من لەگەڵ هیچ لەو شتانەدا نیم كە كێشە دروست بكات". 

لەبارەی پرسی هەڵبژرادنی هەڵبژاردنی داهاتووی هەرێم، مەحمود سەنگاوی دەڵێت" ئومێد دەكەین هەڵبژاردنێكی سەركەوتوو بێت و حكومەتێك دروست بكەین کە لە خزمەتی خەڵكدا بێت". 

وتیشی" دەسەڵاتەکان لە ئاستی ماندوبوونی هێزی پێشمەرگە و سیاسەتی یەکێتی نییە، ئومێد دەكەین ئەمجارە تای تەرازووەكە راست بكەینەوە". 

ماوەیەکی کەمە پەیوەندییەکانی مەحمود سەنگاوی لەگەڵ سەرکردایەتی یەکێتی و بافڵ تاڵەبانی ئاسایی بووەتەوە کە پێشتر هەندێ ناکۆکی هەبوو لە نێوانیاندا. 

شەوی ٥ی ئەم مانگە تۆڕی ناوەندی رۆشنگەری چاودێر لە راگەیەندراوێکدا بڵاویانکردەوە" هێزێکی کۆماندۆ، چوونەتە سەر بارەگای سیاسەتمەدار و رۆشنگەر مەلا بەختیار و دەزگای رۆشنگەری چاودێر و بنکەی روناکبیری گەلاوێژ لە گردی ئەندازیاران کە پاسەوانەکانی دەزگای چاودێریان ئینزن داوەو دەستیان بەسەر تەواوی کەلوپەلی دەزگاکەدا گرتوە". 

هەروەها لای خۆشیەوە مەلا بەختیار ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی باڵای یەکێتی، لە وەڵامی دەستبەسەراگرتنی بینایەی چاودێر و ماڵەکەی لە خانەقین وتی" نەک تەنیا چاودێر، بەڵکو ماڵەکەیشم لە خانەقین هەڕەشەی لەسەرە و بافڵ تاڵەبانی دەیەوێ بچێتە سەر ماڵەکەم لە خانەقین و داگیری بکەن، کوڕانی مام جەلال بە کودەتا و نەخشە و پیلان دەسەڵاتیان گرتووەتە دەست، ناکرێ قاچیان درێژ بکەن". 

لەم لینکەوە ڤیدیۆی کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکە ببینە


PM:12:05:07/09/2024