عومەر شێخ موس هۆشداری دەدات بە یەکێتی‌و پارتی


ئەندامی دەستەیی دامەزرێنەری یەکێتی، عومەر شێخ موس هۆشداری دەدات بە پارتی و یەکێتی لەبارەی هەڵمەتی هەڵبژاردنەوەو دەڵێت" هەڵمەتی هەڵبژاردن بەم شێوەیە زەمینە بۆ شەڕی ناوخۆ دەخولقێنێت".

لە نامەیەکی کراوەدا عومەر شێخ موس کە یەکێکە لە دامەزرێنەرانی یەکێتی و ئاراستەی مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی و بافڵ تاڵەبانی کردووە، دەڵێت" چاوی هەموو جیهان ڕووی لە ئێمەیە بۆ ئامادەکردن و بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنێکی پاک، بێ گەرد، ڕەوا و ئازاد لە کوردستان.

تکاتان لێ دەکەم، وە دیسان هەزاران جاری‌تر تکاتان لێ دەکەم کە هیوا و ئومێدی ڕای گشتی جیهان بە میللەتی ئێمە بە فیڕۆ و عەبس مەبەن، وەک گەلی چەوساوەی فەلەستین بە سەر میللەتی ئێمەدا مەهێنن  و دووچاری نەهامەتی زیاتری مەکەن."
دەقی راگەیاندنەکە..
 
وێڕای سڵاوی گەرمی برایانە، داوای خۆشی و سەرکەوتنتان بۆ دەکەم.

برایانی بەڕیز!
چاوی هەموو جیهان ڕووی لە ئێمەیە بۆ ئامادەکردن و بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنێکی پاک، بێ گەرد، ڕەوا و ئازاد لە کوردستان.
تکاتان لێ دەکەم، وە دیسان هەزاران جاری‌تر تکاتان لێ دەکەم کە هیوا و ئومێدی ڕای گشتی جیهان بە میللەتی ئێمە بە فیڕۆ و عەبس مەبەن، وەک گەلی چەوساوەی فەلەستین بە سەر میللەتی ئێمەدا مەهێنن  و دووچاری نەهامەتی زیاتری مەکەن.
تکاتان لێ دەکەم لە هیچ و خۆڕایی دەستکەوتەکانی گەلی کوردستان، کە بە نرخێکی ئێجگار زۆر گران بە دەست هاتوون، مەخەنە مەترسییەوە و دووچاری لە ناوبردنی مەکەن.
شاڵاوی هەڵبژاردن بەم شێویە ناکرێت. ئەم جۆرە وتارانە و ئەم چەشنە کارانە زەمینە سازکەرە بۆ شەڕی ناوخۆ، شەڕی خۆکوشتن و یەکتر کوشتن.
تکایە، بگەڕێنەوە سەر شاڕێگای ڕاستەقینەی دیموکراسی و ئازادی بیروڕا و پێکەوە بوون.
دروستکردنی سینارێوی جۆراوجۆر لە دژی یەکتر و بۆ ناوزڕاندنی یەکتر بە قەزانجی هیچ لایەنێک تەواو نابێت، بەڵکوو 
لە ئەنجامدا بە زیان و زەرەر بۆ ناو و ناوبانگ و پێگەی گەلی کوردستان لە هەموو جیهان تەواو دەبێت.
پێویستە هەمیشە ئەوە بسەلمێندرێت کە بەکارهێنانی  زەبروزەنگ و هێزی چەکداریش هیچ گرفتێک چارەسەرناکات. ئازادی ڕادەربڕین، ئاواڵە بوونی درگای دەزگای ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەگەری سەربەخۆ دەبێ لە کوردستان ڕێگا پێدراوبێت.
هەمیشە تەنها ڕێگا، ڕێگای دیالۆگی دیموکراتی و ئاشتیانەیە بۆ چارەسەرکردنی سەرجەم کێشەکان. ئێوە کە لەگەڵ دەوڵەتانی جۆراوجۆر دانوستاندن دەکەن و دەگەنە ڕێککەوتن، چەند باش دەبوو پێکەوە و بەرامبەر بە یەکتریش نەرمی بنوێنن و بە کردەوە و بە سینگفراوانییەوە بەرژەوەندی گەلی کورد بخەنە پێش بەرژەوەندی حیزب و تاکەکەسەوە.
تکایە، ڕەوشی کوردستان ئارام بکەنەوە و شەڕی ڕاگەیاندنی ناڕەوا ڕاگرن، بۆ بەڕیوەبرەدنی هەڵمەتی هەڵبژاردن بە شێوەیەکی شارستانیانە، پاک، ڕەوا و ئازادانە.
خەڵکی کوردستان بە گشتی زۆر ماندوو و نیگەرانە لەو هەوموو ناکۆکییە بێ مانایانە کە هێزە سیاسیەکان بۆیان دروست دەکەن. کاتی ئەوە هاتووە کە ڕێز لە خەبات و تێکۆشانیان بگرین و ژیانێکی ئاسودە، ئارام و خۆشگوزەرانیان بۆ دابین بکەین.
بەرەو پێشەوە بۆ هەڵبژاردنێکی سەرکەوتوو بۆ پەرلەمانی کوردستان.
لەگەل ڕێزم بۆ هەموو لایەک،
هۆمەری شێخموس
 ئەندامی دەستەی دامەزراندی یەکێتی نیشتمانی کوردستان
ستۆکهۆڵم ٧\٩\٢٠٢٤



AM:01:09:08/09/2024