دەستەى سەربەخۆى مافى مرۆڤ لە هەرێمى کوردستان لەسەر رادەستکردنەوەى بێهزاد خوسرەوى ڕایدەگەیەنێت" پێچەوانەی دەستووری عێراقە".
دەستەى سەربەخۆى مافى مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە" دوای بە دواداچوونمان وەک دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ و بە تایبەت نوسینگەی مافی مرۆڤ لە سلێمانی سەبارەت بە هەواڵی ڕادەستکردنی هاوڵاتییەکی پەنابەری کوردی خەڵکی ئێران بە ناوی (بێهزاد خوسرەوی) دانیشتوی شاری سلێمانی بە دەوڵەتی ئێران، دەرکەوتووە ئەو هاوڵاتییە خاوەن پێداویستی تایبەتە و پەنابەربووە لە شاری سلێمانی نیشتەجێبووە، بەهۆی بارودۆخی سیاسییەوە لە وڵاتی خۆی هاتۆتە هەرێمی کوردستان".
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە" دوای بانگکردن لە چەند ڕۆژی ڕابردوو لەلایەن دەزگاکانی ئاسایشی سنوری شاری سلێمانی ڕەوانەی وڵاتی ئێران کراوەتەوە، دوور لە هەر ڕێکارێکی ئیداری و یاسایی و بێ هەبوونی هیچ بڕیار و ڕێکەوتنێک لەو بارەوە".
دەستەکە راشیگەیاندووە" ناردنەوەی ئەو هاوڵاتییە بە وڵاتی خۆی پێچەوانەی بڕگەی دووەمی ماددەی (٢١)ی دەستوری عێڕاقی فیدڕاڵە کە دەڵێت (نابێت پەنابەری سیاسی ڕادەستی وڵاتی خۆی بکرێتەوە یان بگەڕێنرێتەوە بە زۆری بۆ ئەو وڵات و شوێنەی لێی ڕاکردوە)، هەروەها پێچەوانەی بنەماکانی مافی پەنابەرێتی و ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە مامەڵەکردنە لەگەڵ پەنابەران".
باسى لەوەشکردووە، ئەگەر هەر جۆرە ئاڵوگۆڕێک هەبێ بۆ گەڕانەوەی هەر پەنابەرێک بۆ وڵاتی خۆی لە نێوان وڵاتان پێویستە لە ژێر چاودێری نێودەوڵەتی و نەتەوەیەکگرتووەکان بێت و بە ئاگاداری لایەنی پەیوەندیداری ناوخۆی هەرێمی کوردستان بێت و بەپێی یاسا کارپێکراوەکان مامەڵە لەگەڵ ئەم جورە کەیسانە بکرێن.
لە کۆتاییدا
دەستەى سەربەخۆى مافى مرۆڤ لە هەرێم نوسیویەتى" پێویستە نەتەوە یەکگرتووەکان بێنە سەرخەت بۆ سۆراخکردنی هەواڵی ئەو هاوڵاتییە و پاراستنی ژیانی لە وڵاتی خۆی، جەخت دەکەینەوە هەموو ئەو هاوڵاتییانەی وڵاتانیش کە ئێستا پەنابەرن لە هەرێمی کوردستان وەک میوان مامەڵەیان لەگەڵ بکرێ و ژیانیان پارێزراو بێت دوور لە یاسا و ڕێکارەکان هیچ مامەڵەیەکی تریان لەگەڵ نەکرێ".
بێهزاد خوسرەوی هاوڵاتییەکی خاوەن پێداویستی تایبەت و چالاكوانێكی سیاسی کوردی خەڵكی شاری سەقزی رۆژهەڵاتی كوردستانە و ئەندامی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێرانە، ڕۆژی ٧ی ئەم مانگە حزبى دیموکراتی کوردستانی ئێران ڕایگەیاند کە" بێهزاد خوسرەوی لەلایەن دەزگای ئاسایشی هەرێمەوە رادەستی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە کراوەتەوە"، ئەمەش لە وەڵامی ڕوونکردنەوەیەکی دەزگاى ئاسایشى هەرێم بوو کە شەوی هەینی ڕابردوو ڕایگەیاندبوو" بێهزاد لەسەر داواى خۆى گەڕێنراوەتەوە بۆ ئێران".