بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە ١١ی ئەیلولی ٢٠٢٤ لە سنووری پارێزگای کەرکوک، شەڕ و پێکدادان لە نێوان چەند چەکدارێک و هێزە ئەمنییەکان ڕوویدا کە بەهۆیەوە کوژرا و بریندار هەن.
سەرچاوەیەکی ئەمنی لە سنووری پارێزگای کەرکوک بە ماڵپەڕی (سپی) ڕاگەیاند" سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هێزێکی ئەمنی کە پێکهاتبوون لە دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و پۆلیسی خۆجێی و دەزگای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، ئۆپەراسیۆنێکی پێشوەختەیان ئەنجامدا لە گوندی سێکانیان، بە مەبەستی دەستگیرکردنی چەند داواکراوێک".
وتیشی" لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکەکەیاندا پێکدادانی چەکداری لە نێوان هێزەکان و داواکراوەکان ڕوویداوە کە لە ئەنجامدا یەکێک لە داواکراوەکان لە کاتی پێکدادانەکاندا خۆی کوشتووە، هەروەها هێزەکە کەسێکی دیکەی دەستگیرکردووە، سێیەمیشیان بەرەو شوێنێکی نادیار هەڵاتووە و تائێستا دەستگیرنەکراوە".
ئەوەشی خستەڕوو، لە ئەنجامی ڕووبەڕوبوونەوەکە سێ ئەفسەر لە هێزە ئەمنییەکان برینداربوون کە دوو کەسیان کارمەنی ئاسایشی نیشتمانیین.