بە تۆمەتی پەرەپێدانی زمانی کوردی هاوڵاتییەک سزای زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرا

عەلی شاهی کە هاوڵاتییەکی کوردە و خەڵکی خوراسانی ڕەزەوی-یە، بە تۆمەتی پەرەپێدان بە زمانی کوردی، لە لایەن دەسەڵاتی دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سزای پێنج ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندراوە و لە ئێستاشدا ماوەی سزاکەی لە بەندیخانەی ئەوینی تاران تێپەڕ دەکات.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویکردەوە" عەلی شاهی هاوڵاتی کوردی خەڵکی خوراسان، لە لایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، بە تۆمەتی ژیاندنەوەی زمانی کوردی و پەرەپێدان بە زمانی دایکی، سزای پێنج ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندراوە و لە ئێستادا سزاکەی لە بەندیخانەی ئەوینی تاران تێپەڕ دەکات". 

ڕێکخراوی هەنگاو ئاماژەی بەوەشکردووە، عەلی شاهی ماوەی (٥٨٧) ڕۆژە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستگیرکراوە. 

عەلی شاهی ساڵی (٢٠١٩) لە لایەن هێزەکانی ئێرانەوە لە تاران دەستگیرکرابوو و بۆ ماوەی (٣٦) ڕۆژ ڕاگیرابوو و دواتر بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتی هەتا کاتی کۆتایی هاتنی پرۆسەی دادگاییکردنەکەی ئازاد کرابوو، هەروەها لە ساڵی (٢٠٢٣)دا بەمەبەستی جێبەجێکردنی سزاکەی دەستگیرکرایەوە و بۆ بەندیخانەی ئەوینی تاران گواسترایەوە.



PM:01:16:11/09/2024