سەرۆککۆماری ئێران سبەینێ سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات

بریارە سبەینێ مەسعود پزیشکیان سەردانی هەولێر و سلێمانی بکات و لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم چەند پرسێک تاوتوێی بکات، ئاژانسی فەرمی ئێران(ئیرنا) لەو بارەیەوە دەڵێت"پزشکیان یەکەمین سەرۆکی ئێرانە کە سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات".

محەمەد مەحمودیان، کونسوڵی ئێران لە سلێمانی ئەمڕۆ چوارشەممە  ١١ی ئەیلوول لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ عێراق بڕیارە سبەی پێنجشەممە سەردانی هەرێمی کوردستان بکات.

ئاماژەی بەوەش کرد، لە میانەی سەردانەکەیدا سەرەتا دەچێتە هەولێر و پاشان سەردانی سلێمانی دەکات. وتیشی، "بڕیارە لەسەر چەند پرسێکی ئەمنی و ئابووری لەگەڵ ئەنجوومەنی وەزیران کۆ ببێتەوە".

باسی لەوەش کرد، جگە لەو دوو تەوەرە، لەبارەی پەیوەنییەکان و قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی هەرێم گفتوگۆ دەکرێت و بەگوێرەی کارنامەکەش دوو کۆبوونەوە دەکرێت.

هەر لەو پەیوەندییەدا  ئاژانسی فەرمی ئێران(ئیرنا) لەو بارەیەوە دەڵێت"پزشکیان یەکەمین سەرۆکی ئێرانە کە سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات".

مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران لەسەر بانگهێشتنامەی عێراق گەیشتە بەغدا و چەند کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەیزرانی عێراق ئەنجامدا و ١٤ ڕێکەوتننامەی لە نێوان دوو وڵات واژۆ کرا، سەردانەکەی سەرۆکی ئێران لە عێراق سێ ڕۆژ دەخایەنێت.




PM:08:11:11/09/2024