کەشناسی عێراق ڕایدەگەیەنێت" پێشبینیدەکرێت لە ھەفتەی داھاتووەوە شەپۆلێکی بارانبارین دەستپێبکات".
دەستەی کەشناسی عێراق، ئەمڕۆ پێنج شەممە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، سبەینێ هەینی لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشور پلەکانی گەرما دادەبەزن، لە ڕۆژی شەممەش ١٤ی ئەیلولی ٢٠٢٤ ئەگەری بارانبارین ھەیە بەرێژەی جیاواز.
ئەوەشی خستەڕوو، لە ئەمڕۆوە لە پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشور و ھەرێمی کوردستان پلەکانی گەرما دادەبەزن و کۆتایی بە گەرمای ھاوین دێت.
ئەمەش لە کاتێکدایە، بەیانی ئەمڕۆ ئاراس جەبار شارەزای کەشناسی ڕایگەیاند" لە ئەمڕۆوە ناوچەکانی هەرێم لە ژێر کاریگەری بارستە ھەوایەکی فێنکدایە کە بەراورد بە ڕۆژانی ڕابردوو ھەست بە فێنکی کەشوھەوا دەکرێت و تا ناوەراستی ھەفتەی داھاتوو لەم ئاستەدا بەجێگیری دەمێنێتەوە".
ئاماژەی بەوەشکرد، ھاتنی ئەم بارستە ھەوایانە بە چالاکی بۆسەر ناوچەکان و بەردەوامبوونیان بۆسەر دەریای ناوەراست، دەبێتە ھۆکارێک بۆ زوو دەستپێکردنی وەرزی بارانبارین لە ماوەیەکی نزیکی داھاتوودا.