چالاکوانێکی بواری ژینگەیی لە سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هاوڵاتییەکی خانەنشینکراویش کە چالاکوانێکی مافی خانەنشینانە لە کرماشان، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستگیرکران.
ڕێکخراوەی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویکردەوە" ئومێد ڕۆستەم پوور چالاکوانی ژینگەیی و خەڵکی گوندی (سۆ) سەر بە شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دوای بانگکرانی بۆ فەرمانگەی ئیتلاعاتی ئەو شارە دەستگیرکرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە".
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئومێد ڕۆستەم پوور سەرەڕای چالاکییەکانی ژینگەیی لە بوارەکانی مافی ژنان و فێرکاری زمانی دایکی چالاک بووە.
ڕێکخراوی هەنگاو ئاماژە بەوەش دەکات، جەواد عەزیزی هاوڵاتی خانەنشینکراوی دانیشتووی کرماشان و چالاکوانی مافی خانەنشینان، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ماڵەکەی خۆی دەستگیرکراوە، هەروەها هێزە ئەمنییەکان لە کاتی پشکنینی ماڵەکەی دەستیان بەسەر کەلوپەلی شەخسی لەوانە مۆبایلی ناوبراودا گرتووە و لەگەڵ خۆیان بردوویانە.
تائێستا هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەستگیرکردن و شوێنی ڕاگیرانی ئەو چالاکوانە کوردە نەزانراوە.