باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق لە پەیامێکدا داوا لە هاوڵاتییانی هەرێم دەکات بەشداری لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەماندا بکەن کە بڕیارە پێش کۆتایی مانگی داهاتوو بەڕێوەبچێت.
ئالینا ڕۆمانۆسکی باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە ١٥ی ئەیلولی ٢٠٢٤ بە بۆنەی ڕۆژی نێودەوڵەتی بۆ دیموکراسی، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (ئێکس) پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت" درک بە کاریگەری ئەو گۆڕانکارییە دەکەین کە دیموکراسی دەتوانێت لەسەر کۆمەڵگەکان و پتەوکردنی ئاشتی و سەقامگیری دروستی بکات".
باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق لە بەشێکی تری پەیامەکەیدا وتی" داوا لە هەموو دەنگدەرانی هەرێمی کوردستان دەکەم کە بە تەواوی بەشداری لە قوڵکردنەوەی دیموکراسی لە وڵاتەکەیاندا بکەن لە ڕێی دەنگدان لە هەڵبژاردنەکەی ٢٠ی تشرینی یەکەمی داهاتوودا".
بڕیارە بەمزوانە ناوی کاندیدەکان بە مەبەستی بەشداریکردنیان لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستاندا پەسەند بکرێن و دواتر لەلایەن کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە وادەیەک بۆ دەستپێکردنی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن دیاریدەکرێت.
بڕیارە رۆژی ٢٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ بە سەرپەرشتی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق کە لە نۆ ئەندام پێکهاتووە، دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامبدرێت.
هەروەها ١٣ حزبی سیاسی و دوو هاوپەیمانێتی بەشداری لە کێبڕکێی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا دەکەن بە ئامانجی بردنەوەی ٩٥ کورسی گشتی پەرلەمان، هەرێمی کوردستانیش بەسەر چوار بازنەی هەڵبژاردن دابەشکراوە کە بۆ بازنەی هەڵبژاردنی هەولێر ٣٢ کورسی و بازنەی سلێمانی ٣٦ کورسی و لە بازنەی دهۆک ٢٤ کورسی و لە بازنەی هەڵبژاردنی پارێزگای هەڵەبجەش ٣ کورسی تەرخانکراوە.
دوای بریارێکی دادگای باڵای فیدرالی عێراقیش کۆی (١١) کورسسیەکەی پێکهاتەکانی هەڵوەشاندەوە و دواتر لە رۆژی ٢٠ی ٥ی ٢٠٢٤ دەستەی دادوەری هەڵبژاردنەکانی عێراق بڕیاریدا بە تەرخانکردنی ٥ کورسی بۆ پێکهاتەکان کە دوو کورسی بۆ پێکهاتەی تورکمان (یەک کورسی لە سلێمانی، یەک کورسی لە هەولێر)، هاوکات سێ کورسی بۆ پێکهاتەی کلد و سریان ئاشووری و ئەرمەن (یەک کورسی لە سلێمانی، یەک کورسی لە هەولێر و یەک کورسی لە بازنەی هەڵبژاردنی دهۆک) تەرخانکراوە.
هەروەها لە پەرلەمانی کوردستاندا لە کۆی ١٠٠ کورسی ٣٠ کورسی بۆ کۆتای ژنان دیاریکراوە کە لە بازنەی هەولێر ١٠ کورسی، لە سلێمانی ١١ کورسی، لە بازنەی دهۆک ٨ کورسی، لە هەڵەبجە ١ کورسی بۆ کۆتای ژنان تەرخانکراوە.