وەزارەتی ناوخۆی عێراق: دوو تیرۆریست کە پشتوێنی بۆمبڕێژکراویان بەستووە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کوژراون

وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، دوو تیرۆریست کە پشتوێنی بۆمبڕێژکراویان بەستووە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کوژراون.

میقداد میری، وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئەمشۆ یەکشەممە ١٥ی ئەیلوول لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت "لە هەوڵێکی هەواڵگری و لە ئۆپەراسیۆنێکی جۆریدا، تیمەکانی هەواڵگری دوای دوو تیرۆریست کەوتوون و گەمارۆیان داون لە گەڕەکی پەنجا عەلی لە شاری کەرکوک".

دەشڵێت "دوای ئەوەی تەقەیان لێکراوە، دەرکەوتووە پشتێنی بۆمبڕێژکراویان بەستووە و بەهۆی ئەو تەقانەی لێیانکراوە، پشتێنەکانیان تەقیوەتەوە و گیانیان لەدەستداوە".

پێشتر میدیاکان بڵاویانکردبووەوە، لە شاری کەرکوک هێزە ئەمنییەکان دوای دوو کەس کەوتوون کە ماتۆرسکیلێکیان پێبووە و ئامادەنەبوون خۆیان رادەستبکەن، هێزە ئەمنییەکان تەقەیان لێکردوون و یەکێک لەو کەسانە کوژراوە و ئەوی دیکەیان خۆی تەقاندووەتەوە.




AM:12:25:16/09/2024