بارەگای بارزانی: پێشمەرگە هێزێکی ڕێکخراوە

وتەبێژی بارەگای بارزانی لە وەڵامی پەیامێکی محمەد حەلبوسی سەرۆكی حزبی تەقدوم، ڕایده‌گه‌ێنێت" پێشمەرگە هێزێکی ڕێکخراوە، نەک هێزێکی تائیفی، هەتا دژی پڕچەککردنی بن". 

خالیدە خەلیل وتەبێژی بارەگای بارزانی، لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (ئێکس) ڕایگەیاندووە" پێشمەرگە هێزێکی ڕێکخراوە و لە سەردەمێکی پێویستدا بۆ بەرگری لە ژیانێکی شکۆمەندانە و خاکی کوردستان هاتوەتە کایەوە". 

وتەبێژی بارەگای بارزانی دەشڵێت" پێشمەرگە دژی یەکێک لە دڕندەترین ڕێکخراوەکان کە داعش بوو، جەنگا و شەهیدیدا، هێزێکی ڕێکخراوە نەک هێزێکی تائیفی بێت تا دژی پڕچەککردنی بوەستنەوە". 

خالیدە خەلیل لەبەشێکی دیکەی پۆستەکەیدا دەشڵێت" پێشمەرگە هێمای ئاسایش، سەقامگیری و ئاشتییە". 

ئەمەش لە کاتێکدایە، دوێنێ یەکشەممە محه‌مه‌د حه‌لبوسى سەرۆکی پارتی تەقەدوم ڕایگەیاندبوو" بە هەموو شێوەیەک پڕچەککردنی هێزە خۆجییەکان ڕەتدەکەینەوە کە ئەرکی دەستوورییان سنوردارە بە پاراستنی ئاسایشی ناوخۆ لە سنوری بەرپرسیارێتی خۆیاندا". 

حەلبوسی وتیشی" ئەو كارە رەنگە ببێتە هۆی لێدانی ئاسایشی كۆمەڵگا بەشێوەیەكی گشتی، بە تایبەت لە هەردوو پارێزگای نەینەوا و كەركوك، ئەگەر ئەو چەكانە خراپ بەكاربهێنرێن لە ململانێ نەتەوەیی و حزبیەكان لە ئایندەدا، ئەو جۆرە چەکانە دەبێت تەنها لەلای سوپای عێراق بێت کە بەردەوام داوامانکردووە بۆ باشتركردنی  تواناکانیان". 


PM:09:17:16/09/2024