ئاسایش: زیاتر له‌ نیو ته‌ن مادده‌ی هۆشبه‌ر دەستی بەسەرداگیرا

بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانی دەزگای ئاسایش ڕایدەگەیەنێت" دەست بەسەر بڕی نیو تۆن ماددەی هۆشبەردا گیراوە". 

بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم، ئەمشەو دووشەممە لە بڵاوکراوەیەکدا ڕایگەیاند" لەسەر بنەمای بەدەستهێنانی زانیاری هەواڵگری پێشوەخت و لە ماوەی زیاتر لە دوو مانگ دەستبەسەرداگرتنی بڕی زیاتر لە (نیو تۆن) ماددەی هۆشبەر دەستیبەسەردا گیراوە". 

دەشڵێت" لە ماوەی زیاتر لە دوو مانگی ڕابردووی ئەمساڵدا، لە ڕۆژی ٢٠٢٤/٥/١٤ بۆ ٢٠٢٤/٨/١ بە هەماهەنگی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانی دەزگای ئاسایش، لەسەر بنەمای زانیاری هەواڵگری پێشوەخت و بەدواداچوون و چاودێری ووردی هێزەکانمان بۆ ڕێگریکردن لە بازرگانیکردن و گواستنەوەی ماددە هۆشبەرەکان، بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش توانیویانە دەستبگرن بەسەر بڕی (٥١٤) کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر لە جۆرەکانی (کۆکاین ، کریستاڵ ، ماریجۆنا، تلیاک، کریستاڵی شل، حەبی کابتاگۆن) و توانرا (٥١) تۆمەتباری بازرگانی ماددەی هۆشبەر دەستگیربکەن". 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە" بازرگانان وویستویانە بە بەکارهێنانی تەکنیکی نوێی حەشاردان ماددە هۆشبەرەکان لە ناوچە سنورییەکانەوە بەرەو شارەکان و دواتر بەنیازبوون بینێرن بۆ ناوەڕاست و خوارووی عێراق و وڵاتانی ناوچەکە، لە ئێستادا تۆمەتباران بە ماددەی (٢٥ و ٢٦) لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکارە ئەقڵیەکان ڕاگیراون و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانیان بەردەوامە". 


PM:09:39:16/09/2024