شارەزایەکی کەشناسی: چوارشەممە دیاردەی مانگ گیران لە هەرێم ڕوودەدات

بە گویرەی شارەزایەکی کەشناسی بەرەبەیانی چوارشەممە دیاردەی مانگ گیران لە عێراق و هەرێمی کوردستان ڕوودەدات.

سالار حاجی عەلی، شارەزا لە بواری كەشناسی و گەردوونی ئەمڕۆ سێشەممە ١٧ی ئەیلوول لە ڕوونكردنەوەیەكدا بڵاویكردەوە، لە بەرەبەیانی چوارشەممە ١٨ی ئەیلوول مانگ گیران ڕوودەدات و لانیكەم هەندێك بەش لە مانگ گیرانەكە لەزۆربەی جیهانەوە دەبیندرێت، واتە لە شاری سلێمانی، هەڵەبجە، كەركوك، هەولێر و دهۆك دەبیندرێت.

ئاماژەی بۆ ئەوەش کردوە "مانگ گیران لەسەر ئاستی پایتەخت بەشێوەیەكی هەست پێكردنی تارمایی بۆ بەشەكی دەبێت، لەكاتژمێرسێ و ٤١ دەقیقەی بەرەبەیانی دەستپێدەكات و تا كاتژمێر حەوت و ٤٧ دەقیقە بەردەوام دەبێت دواتر كۆتایی دێت و هەموو مانگ گیرانەكە لە جیهان پێنج كاتژمێر و ٤٤ خولەك دەخایەنێت و لە هەرێمی كوردستان لە سەرئاستی پایتەخت دوو كاتژمێر دەبێت".

یەکەمین دیاردەی مانگگیرانی ئەمساڵ لە ٢٥ی ئازار روویدا و سبەینێ دەبێتە دووەمین مانگگیران و کۆتا مانگگیران لە ئەمساڵدا و تا مانگی ئازاری ساڵی داهاتوو هیچ دیاردەیەکی مانگگیران رووناداتەوە.






PM:11:34:17/09/2024