دارایی عێراق پابەندبونی خۆی دووپاتدەكاتەوە بە خەرجكردنی موچەی فەرمانبەران لە كاتی دیاریكراوی خۆیدا

وەزارەتی دارایی عێراق جەخت لەوەدەکاتەوە کە ئەو دەنگۆیانەی باسی ئەوەدەکات کە مووچە نابێت دوورە لە راستیەوە و پاپەندی خۆی بە خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەران دووپاتکردەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٩ی ئەیلولی ٢٠٢٤ وەزارەتی دارایی عێراق لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە" ئەو دەنگۆیانەی بەم دواییە لەلایەن هەندێك لە كەسایەتیەكانەوە باسكراوە، سەبارەت بەوەی وەزیری دارایی رایگەیاندووە، لەمانگەكانی ئایندەدا توانای دابەشكردنی موچەیان نابێت، بەتەواوی دورە لە راستیەوە، وەزیری دارایی لێدوانی لەوشێوەیەی نەداوە". 

دارایی عێراق پابەندبونی تەواوی خۆی دووپاتدەكاتەوە بە خەرجكردنی موچەی فەرمانبەران لە كاتی دیاریكراوی خۆیدا، بە فەرمانبەران و خانەنشینان و چاودێری كۆمەڵایەتی و هێزە ئەمنیەكان بە حەشدی شەعبیشەوە، بەگوێرەی یاسا و سیستمە كارپێكراوەكان.

لای خۆشیەوە شەوی ڕابردوو سەبهان مەلا جیهاد، راوێژكاری سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند" بەپێی زانیارییەكانمان هیچ گرفتێك بۆ ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان نییە و ناردنی پارەی تەرخانكراو بۆ مووچە تاوەكو تاكۆتایی ئەمساڵ بەردەوامدەبێت و ئەو بابەتە رێككەوتنی لەسەركراوە".




AM:10:27:19/09/2024