عەلی حسێن: پارتی پێداگربووە لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن خەڵكی تر بەبیانوی جیاجیا دەیویست دوایبخات

بەرپرسی مەكتەبی رێكخستنی سلێمانی- هەڵەبجە- راپەڕینی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت" پارتی پێداگربووە لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن خەڵكی تر بەبیانوی جیاجیا دەیویست دوایبخات ، پارتی رێژەی نەگۆڕە، چونكە حزبی نەتەوەو نیشتمان و خەڵكە".

عەلی حسێن، بەرپرسی مەكتەبی رێكخستنی سلێمانی- هەڵەبجە- راپەڕینی پارتی دیموكراتی كوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند" رێككەوتنێكی پێشوەختەمان لەگەڵ هیچ لایەنێك نیە، بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و پارتی پێداگربووە لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن، خەڵكی تربوو بەبیانوی جیاجیا دەیویست دوایبخات، پارتی لەگەڵ هەڵبژاردن بووەو ئێستاش تەئكید دەكەینەوە، پرۆسەیەكی گرنگی دیموكراسیەو دەبێت بكرێت".

ئەو بەرپرسەی پارتی وتی" بەدڵنیایی هەڵبژاردن دواناكەوێت، ئەگەر دوابكەوێت كاریگەری لەسەر كوردستان دەبێت و كارێكی باش نابێت، بەدڵنیاییەوە هیچ پێشهاتێك نیە رێگربێت لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەكاتی خۆیدا، و هیچ لایەنێكی سیاسی بە ركابەری خۆمان نازانین، لەكاتێكدا ركابەریكردنی لایەنە سیاسیەكان بابەتێكی دروستە، پارتی رێژەی نەگۆڕە، چونكە حزبی نەتەوەو نیشتمان و خەڵكە".

عەلی حسێن وتیشی" ئیداری سلێمانی خۆی داوایدەكرد سەربەخۆیی هەبێت ، دەیاونت ئەو داهاتە زۆرە دەتوانن بەوە خزمەت بكەن، بەدڵنیایی ئەگەر ئەو داهاتە لە خزمەتی خەڵك و پرۆژەی خزمەتگوزاری سەرف نەكرێت، دەبێت ئەو لایەنەی ئیدارەی سلێمانی دەكات وەڵامبداتەوە، و منیش بینیم لەناو شاشەكانی ریكلام لە سلێمانی نوسرابوو (كۆتایی پێدەهێنین)، ئەگەر مەبەستی یەكێتی كۆتایهێنان بە پاشاگەردانی بێت، كە چایچیەك دەكوژرێت و كەبابچیەك دەكوژرێت، ئەوە جێگای دەستخۆشیە، بەڵام ئەگەر مەبەست لێی كۆتایهێنان بە ئەزمونی هەرێمی كوردستان بێت، بە تەئكید دەبێت خەڵكی كوردستان وەڵامی بدەنەوە".

ئاشکراسی کرد کە " خەڵكی سلێمانی دەنگمان پێدات و دەنگمان پێنەدات، ئەگەر رێگری نەكرێت خزمەتی خەڵكی سلێمانی دەكەین، تەمەننا دەكەین دوای هەڵبژاردن لە حكومەتی خۆجێی رۆڵمان هەبێت، بۆ ئەوەی هاوشێوەی ناوچەكانی تر خزمەتی بكەین، پارتی و یەكێتی و لایەنە سیاسیەكان سەرۆك وەزیران دانانێن، دەنگی خەڵك سەرۆك وەزیران دادەنێت".

بۆ بینینی کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەکە سەردانی پەیجی سپی بکەن:https://fb.watch/uHEv_9Wx5-/



AM:11:38:19/09/2024