وەزارەتى خوێندنى باڵا ڕایدەگەیەنێت" ناوی بەکارهێنەر و وشەی تێپەڕ بۆ سەرجەم دەرچوانى دوانزەى ئامادەیى ئامادە كراوە و ئەمڕۆش زانکۆلاین کارا دەکرێت".
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێم، لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" پرۆسهی پێشکەشکردن بۆ وهرگرتنی دهرچوانی ١٢ی ئامادهیی له زانكۆكانی هەرێمی كوردستان دەستپێدەکات و کاتژمێر ١٢:٠٠ی ئەمڕۆ شەممە زانكۆلاین بۆ ماوەى ١٠ رۆژ کارا دەکرێت".
وەزارەتەکە دەڵێت" وێبسایتی www.regayzanko.com بۆ دەرچوانی ١٢ی ئامادەیی (زانستی، وێژەیی، پیشەیی)، تاوەکو رۆژى ٣٠ی ئەیلولی ٢٠٢٤ کارا دەبێت، بهوهش دهرچوان لەو ماوەیەدا دهتوانن فۆرمی وهرگرتن له زانكۆ و پهیمانگهكان پڕبكهنهوە و پێشكهشی بكهن، ههروهك دهرچوان دهبێت سەردانی خوێندنگەکانی خۆیان بکەن بەمەبەستی وەرگرتنەوەی ناوى بەکارهێنەر و وشەى تێپەڕ (Username) و (Password)".
دەشڵێت" بۆ بهرچاوڕونی زیاترى دهرچووانی پۆلی ١٢ی ئامادەیی و ئاشنابوونیان به سیستمهكانی وهرگرتن (زانكۆلاین، پارالێل، ئێواران) دەتوانن سەردانی وێبسایتى (www.regayzanko.com) بکەن و ڕێبەرى وەرگرتن بە وردى بخوێننەوە وەک بنچینەیەک بۆ پڕکردنەوەى فۆرمەکانیان، هەروەها دەتوانن سەردانى مەڵبەندەکانى راوێژکارى زانکۆکان بکەن بۆ وەرگرتنى ڕونكردنهوهی پێویست لهسهر چۆنیهتیی پڕكردنهوهی فۆرمی وهرگرتن به سیستمه جیاوازهكان، ئهمهش دهرهفهتێكی گرنگه بۆ ئهوهی دەرچووان بهر لهوهی فۆرمی وهرگرتن پێشكهش بكهن، ئاگاداری وردهكارییهكانی سیستمهكه بن و هەوڵ بدەن خودى خۆیان فۆڕمەکان پڕبکەنەوە و روو لەو سەنتەرانە نەکەن کە فەرمى نین و تەنها بۆ دەستکەوتنى بڕێک پارە فۆرم بۆ دەرچوان پڕدەکەنەوە، چونکە وەزارەت بەرپرس نابێت لەهەر هەڵەیەک لەکاتى پڕکردنەوەى فۆڕمەکانیان".
وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئاماژەی بەوەشکردووە، وەرگرتن لە زانکۆکان بەپێی ریزبەندی ئەو کۆلێژ و بەشانە دەبێت کە دەرچوان لە زانکۆلاین پێشکەشی دەکەن بە رەچاوکردنی کۆنمرەی خوێندکار/ قوتابى، بۆیە پێویستە بە وردی ڕیزبەندیی ئەو کۆلێژ و بەشانە دیاری بکەن کە ئارەزوو دەکەن خوێندنی تێدا تەواو بکەن، هەروەها پێویستیشە دەرچوانى پۆلى دوانزە لەگەڵ کاراکردنی زانکۆلاین دەست بکەن بە پێشکەشکردن و کارەکانیان دوا نەخەن بۆ کۆتا رۆژەکانی زانکۆلاین.
سەبارەت بە دەرچوانی ئامادەیى خوێندنگە نێودەوڵەتییەکان و ئامادەییە پیشەییەکان وەزارەتى خوێندنى باڵا ئاشکرایدەکات، زانکۆلاین لە هەمان کات و هەمان وێبسایت بۆ ئەوانیش کارا دەبێت بۆ ئەوەی داواکارییەکانیان پێشکەش بکەن.
هەر بەپێی راگەیەندراوەکەی وەزارەتى خوێندنى باڵای هەرێم، سەرجەم ئەو دەرچووانەى لە خوار ساڵى ٢٠٠٠وە دەرچوون و هەروەها دەرچوانی پێنج ساڵی ڕابردوی پیشەییەکان کە نیازی فۆرم پێشکەش کردنیان هەیە بۆ خوێندنی پارالێڵ و ئێواران، بەهۆی نەبوونی ناو و زانیارییان لە ناو سیستمى زانکۆلاین، پێویستە سەردانی وەزارەتی پەروەردە بکەن بۆ وەرگرتنى یوزەرنەیم و پاسۆرد و داخڵکردنی زانیارییەکانیان، بەپێچەوانەوە ناتوانن داواکاری وەرگرتن پێشکەش بکەن.