پارتی: بەشداری هیچ كۆبوونەوەیەكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك ناكەین

بەرپرسی لقی ٣ی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایدەگەیەنێت" بەشداری هیچ كۆبوونەوەیەكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك ناكەین تا یەكلایی بوونەوەی ئەو سكاڵایەی لەسەر ئەنجوومەنەکە تۆماركراوە". 

محەمەد كەمال بەرپرسی لقی ٣ی پارتی دیموكراتی كوردستان، لەبارەی بەشداریكردنیان لە كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك، لە لێدوانێكدا بە میدیای حزبەکەی ڕاگەیاندووە" بەشداری هیچ كۆبوونەوەیەكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك ناكەین، تاوەكو یەكلایی بوونەوەی ئەو سكاڵایەی لەسەر ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك تۆماركراوە".

ئاماژەی بەوەشکردووە، دوای ئەنجامی سكاڵاكە هەڵوێستی نوێیان لەبارەی بەشداریكردن یان بەشداری نەكردنیان لە كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك ئاشكرا دەكەن. 

لێدوانەکەی ئەو بەرپرسەی پارتی لە کاتێکدایە، ڕۆژی ١٠ی ئابی ئەمساڵ، فراکسیۆنی یەکێتی و کوتلەی بابلیۆن و سێ ئەندامی عەرەبی سوننە لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک، بەبێ بەشداری حزبی پارتی و بەرەی تورکمانی و هاوپەیمانی عەرەبی لە شاری بەغداد کۆبوونەوە، لە کۆبوونەوەکەدا رێبوار ته‌ها وه‌ك پارێزگاری نوێی کەرکوک و محه‌مه‌د حافز وه‌ك سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا هه‌ڵبژێردران.

لە بەرامبەردا (٩) ئەندامەکەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، دژی هەڵبژاردنی پارێزگار و سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگاری كەركوك لە داگای باڵای فیدراڵی عێراق سکاڵایی یاساییان تۆمارکرد، تێیدا داوایان کرد بە بڕیارێكی سالاری دانیشتنەكە پوچەڵبكاتەوە.


AM:10:51:21/09/2024