کەشناسێک: تاوە باران و ھەورە بروسکە تا سبەی شەو بەردەوام دەبێت

بەرێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەی هەرێمی سەر بە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن ئاماری بڕی بارانبارینی (٢٤) کاتژمێری رابردووی ناوچە جیاجیاکانی بڵاوکردەوە کە زۆرترین باران لەو ماوەدا لە سنووری ئامێدی باریووە، هەروەها کەشناسێکی شارەزاش ڕایدەگەیەنێت" تا سبەی شەو تاوە باران و هەورە بروسکە بەردەوام دەبێت". 

بەپێی داتایەکی کەشناسی هەرێم کە وێنەیەکی دەست ماڵپەڕی (سپی میدیا) کەوتووە، زۆرترین بڕی بارانبارین لە (٢٤) كاتژمێری ڕابردوودا له‌ ناوچەی ئامێدی لە سنووری پارێزگای دهۆک باریووە بە بڕى (٢٥) ملم.

لەسەر ئاستی پارێزگاکان زۆرترین باران لە شاری سلێمانی باریووە کە بڕەکەی (٤.٣) ملیمەترە، پاشان هەولێر بە بڕی (١.٨) ملیمەترە، بەڵام لە هەردوو پارێزگای کەرکوک و هەڵەبجە هیچ بڕێک نەباریووە. 

هەروەها لای خۆشییەوە ئاراس جەباب شارەزای بواری کەشوهەوا، کەمێک پێش ئێستا لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" لە ئەنجامی بەردەوامی کاریگەری نزمە پاڵەپەستۆی تورکیا و مانەوەی ھەوای سارد لە بەرزاییەکانی سەرەوەی بەرگە ھەوادا بۆ سبەی یەکشەممە ناجێگیری کەش و ھەوا بەردەوامی دەبێت تا کاتەکانی شەو". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئاسمانی ھەرێم بە زۆری نیمچە ھەور دەبێت و ھەندێک کات بۆ ھەوری تەواو دەگۆرێت لەگەڵ چالاکبوونی ھەورە بروسکە و تاوە بارانی رێژە کەم بۆ مامناوەند لە کات و شوێنی جیاجیا لە ناوچەکانی پارێزگای سلێمانی و کەرکوک و ئیدارەی راپەرین و پارێزگای ھەولێر و دھۆک، لە ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای دھۆک ئەگەری تاوە بارانی بەخوڕ و بارینی تەرزە دەبێت. 

ئاراس جەبار باسی لەوەشکردووە، پلەکانی گەرما بەراورد بە ئەمڕۆ (٢ تا ٣) پلە بەرزدەبنەوە و خێرای باش لەسەرخۆ دەبێت، بەڵام لە کاتەکانی پاشنیوەرۆ بای باشوری رۆژئاوا چالاک دەبێت بە خێرای (١٥ - ٣٥)کم لە هەر کاتژمێرێکدا. 

ئەوەشی خستەڕوو، کاریگەری ئەم ناجێگیریە لە کەشی ناوچەکەدا سبەی شەو بەیەکجاری کۆتای دێت و کەش سەقامگیر دەبێتەوە. 


PM:01:16:21/09/2024