پەرلەمانتارێکی عێراق: تا کۆتایی ئەمساڵ بابەتی تەوتین یەکلایی نەکرێتەوە پرسی موچە ئاڵۆزتر دەبێت

ناوەڕاستی ئەم هەفتەیە شاندێکی حکومەتی هەرێم بۆ پرسی موچەی مانگەکانی هەشت و نۆ دەچێتە بەغداد و بە وتەی پەرلەمانتارێکی عێراقیش، ئەگەر تا پێش کۆتایی ئەمساڵ هەرێم بابەتی تەوتین یەکلایی نەکاتەوە، ئەوە پرسی موچە ئاڵۆزتر دەبێت.

غەریب ئەحمەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە دەنگی ئەمەریكای راگەیاندووە"  لایەنە شیعی و سوننەكان لە پەرلەمان و ئیدارەی دەوڵەت، چاوەڕێی تەوتینکردن دەكەن، ئەگەر پێش كۆتایی ئەمساڵ حكومەتی هەرێم ئەو بابەتە یەکلایی نەکاتەوە، ئەوا موچەی موچەخۆران دەچێتە قۆناغێكی ئاڵۆزترەوە".

بە گوێرەی زانیارییەکان بڕیارە ڕۆژی دوشەممە شاندێکی حكومەتی هەرێمی كوردستان، سەردانی بەغداد بكەن و لەسەر موچەی مانگەكانی هەشت و نۆ لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ كۆ بببنەوە.

لای خۆیشییەوە چرۆ حەمەشەریف پەرلەمانتاری عێراق ئاماژەی بەوەکردووە، ئەگەر تێبینیەکانی بەغداد لەسەر لیستی موچە چارەسەر بکرێن، ئەوا لەم هەفتەیەدا بەغداد موچەی موچەخۆرانی هەرێم دەنێرێت.


PM:01:52:21/09/2024