مامۆستایانی ناڕازی: لەجیاتی زەنگی خوێندن زەنگی بایكۆت لێدەدەین


لەگەڵ دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن مامۆستایانی ناڕازی هۆشداری بە حکومەتی هەرێم دەدەن و دەڵێن" لەجیاتی زەنگی خوێندن، زەنگی بایكۆت لێدەدەن".

مامۆستایانی ناڕازی هۆشداری بە حكومەتی هەرێم دەدەن، كە لە ئەگەری دابەشنەكردنی مووچەی مانگەكانی ٨ و ٩ " ئامادەنین دەرگای خوێندنگەكان بكەنەوە و لەجیاتی زەنگی خوێندن، زەنگی بایكۆت لێدەدەن".

لەمبارەیەوە مامۆستا دڵشاد میرانی، ئەندامی دەستەی مامۆستایانی ناڕازی ڕایگەیاندووە" ئەوەی کەخاوەندارێتی شەقام دەکات ئەو دەیان هەزار کەسە مافخوراوەن، کە ئەنجوومەن و دەستە و گرووپە ناڕازیەکان پێشەوایەتیان دەکەن بۆ گەیشتن بەمافەکانیان و سەركەوتنی یەكجاری بەڕێوەیە".

مامۆستایانی ناڕازی دەڵێن" حكومەت خاوەنی ئەو بەڵێنانە نەبوو بە مامۆستایان و وانەبێژانی داوە، بۆیە دەبێت چاوەڕێی ناڕازایەتی بەرفراوان بکەن و  ڕۆژی ٢٥ی ئەیلوول بایكۆت دەستپێدەكات."

لای خۆشیەوە د. ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاندووە،" هیچ ڕێگرییەك نییە، ٢٥ی مانگ زەنگی ساڵی نوێی خوێندن لێدەدرێت و دەبێتە یەکەم ڕۆژی ساڵی نوێی خوێندنی ٢٠٢٤ بۆ ٢٠٢٥".

وتیشی" ٥ هەزار و ٨٨ مامۆستای گرێبەست کراونەتە هەمیشەیی، ٣٧ هەزار و ٩٣٣ مامۆستای وانەبێژ کراونەتە گرێبەست".

بەپێی ساڵنامەی خوێندنی وەزارەتی پەروەردەی هەرێم، ساڵانە پڕۆسەی خوێندن لە ١٥ی ئەیلوولەوە دەستپێدەكات، بەڵام ئەمساڵ بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزارەتی پەروەردە پڕۆسەی خوێندن خرایە ٢٥ی ئەیلوول.

ئەم قسانە لە کاتێکدایە کە ماوەی ٢١ ڕۆژ تێپەڕیوە بەسەر مانگی ئەیلوول و حكومەتی عێراق دەستی كردووە بە دابەشكردنی مووچەی مانگی ٩ی مووچەخۆران، بەڵام تا ئێستا چارەنووسی مووچەی مانگەكانی ٨ و ٩ بۆ مووچەخۆرانی هەرێم دیار نییە.


PM:07:26:21/09/2024