بەرپرسێکى باڵاى گۆڕان: بزووتنەوەی گۆڕان بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمان دەکات

بەرپرسێکى باڵاى گۆڕان رایگەیاند، بزوتنەوەی گۆڕان بەشداریى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان دەکات و ٦٧ بەربژێریان هەیە.

بەرپرسێکی باڵای بزوتنەوەى گۆڕان ئەمڕۆ شەممە ٢١ی ئەیلوول بە میدیای یەکێتی راگەیاند" دانا ئەحمەد مەجید، رێکخەرى ئێستاى بزوتنەوەکەیە بە وەکالەت و تاوەکو شەش مانگى دیکە هەڵبژاردن بۆ رێکخەر و خانەى راپەراندنى بزوتنەوەى گۆڕان ناکرێت".

دەربارەی بریاری بەشداری لە هەڵبژاردنیش ئەو بەرپرسەی گۆڕان ڕایگەیاندووە، پێشتر دانا ئەحمەد مەجید، مەرجى ئەوەبوو وەک بزوتنەوەى گۆڕان بەشداریى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان نەکەین و خۆمان ئامادە بکەین بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق، بەڵام ئێستا دەیەوێت بەشداریى هەڵبژاردنى پەرلەمان بکەین و ئەوەش یەکلایبووەتەوە و لیژنەیەکى ١٧ کەسى بۆ پێکهێنراوە و ٦٧بەربژێرمان هەیە و ٤٢ یان لەسەر بازنەى پارێزگاى سلێمانیە".

بزوتنەوەى گۆڕان لە مانگى تشرینى یەکەمى ٢٠٢١ بەشداریی هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراقى کرد، بەڵام هیچ کورسییەکى بەدەستنەهێنا و بەشداریی هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراقیشى لە ناوچە جێناکۆکەکان لە کانوونى یەکەمى ٢٠٢٣ نەکرد.



PM:08:29:21/09/2024