ئەپیکور: داوا دەکەین هەناردکردنەوەی نەوت دەستپێبکاتەوە

ئەپیکور جەخت لەوەدەکاتەوە کە ئەگەر مەرجەکانیان جێبەجێ بکرێت ئەندامەکانی ئامادەن بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم و دەڵێت" لێدوانەکانی ئەمدواییەی سەرۆکوەزیرانی عێراق هاندانێكە کە تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ هەناردەکردنی نەوت دەستپێبکاتەوە".

ئەمرۆ یەکشەممە ٢٢ی ئەیلوولی ٢٠٢٤ کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان( ئەپیکور) لە راگەیێندراوێکدا داوا دەکات کە  بە زووترین کات هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی بۆریی نەوتی عێراق - تورکیا دەستپێبکاتەوە و وتی"  پێمانوایە لێدوانەکانی ئەمدواییەی سەرۆک وەزیرانی عێراق هاندانێكە کە تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ هەناردەکردنی نەوت دەستپێبکاتەوە".
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، ئەپیکور بەو مەرجەی دڵنیایی بدرێت هەقدەستی پێشوو و هەروەها داهاتووی کۆمپانیاکان بدرێت و مەرجە ئابووری و بازرگارنییەکانیشیان بپارێزرێن،  ئەنداماکانی ئامادەن بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت.
 
ئەپیکور ئاماژە بەو کۆبوونەوەی ئەم هەفتەیەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات، کە بڕیارە لە ٢٤ی ئەم مانگە لە نیویۆرک بەڕێوەبچێت و داوا دەکات حکومەتی عێراق بە هاوئاهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان کێشە هەڵپەسێدراوەکانی نێوانیان چارەسەر بکەن و، بە زووترین کات پرۆسەی هەناردەکردنی نەوت دەستپێبکاتەوە.
 
ئەپیکور راشیگەیاند"  حکومەتی عێراق بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان، کێشە هەڵپەسێدراوەکانی نێوانیان چارەسەربکەن و، بە زووترین کات پرۆسەی هەناردەکردنی نەوت دەستپێبکاتەوە".

لە چەند رۆژی رابردوودا، محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ پێگەی (بلۆمبێرگ)ئەمریكی رایگەیاند"  دوو بژاردەیان لەبەردەستدایە بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم، هەمواركردنەوەی گرێبەستەكان، كە كۆمپانیاكان رەتیدەكەنەوە، یان هەمواركردنەوەی یاسای بودجە، كە ئەویش پێویستی بە سازانی هێزە سیاسیەكانە و رەنگە تا كۆتایی ئەمساڵ پرۆسەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم دەستپێبكاتەوە".

کۆمەڵەی ئەپیکور پشتگیریی دوایین راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات بەوەی رێککەوتنەکانی فرۆشتنی راستەوخۆی نێوان سۆمۆ و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان بۆ دۆخی ئێستا باشترین بژارەیە. هەروەها پشتگیریی لە دیدگەی وەزارەتی نەوتی عێراقی دەکات بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت بۆ شەش ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا.
 
هەروەها ئاماژە بەوە دەکات ئەگەر عێراق هەناردەکردنی نەوت دەستپێبکاتەوە، مانگانە ٢٤ ملیۆن دۆلاری بۆ دەگەڕێتەوە، ئەمەش لەکاتێکدایە ئێستا بەهۆی پابەندنەبوونی بە مەرجی گرێبەستەکان، سزا دەدرێت.

لە ٢٥ی  ئاداری ٢٠٢٣وە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە راگیراوە، ئەوەش دوای بڕیارێکی دەستەی نێوبژیوانیی پاریس لەسەر سکاڵایەکی عێراق دژی تورکیا.




AM:10:14:22/09/2024