وتەبێژی یەکێتی ڕایدەگەیەنێت" لە ڕۆژی ٢٥ی ئەم مانگە وادەی دەستپێكردنی بانگەشەى هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەستپێدەکات".
سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی یەکێتی، دواینیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" تا ئێستا كۆمسیۆن بەردەوامە لە پێداچوونەوە بە ناوی كاندیدەكانی هەڵبژاردن".
ئەوەشی خستەڕوو، وادەی دەستپێكردنی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەكەوێتە ٢٥ی ئەم مانگەوە.
سەعدی پیرە جەختیشیکردەوە، حزبەکەی لە ڕێگەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی دادپەروەرانە و شەفاف دوور لە ساختەكاری و دەستكاریكردن، كار بۆ ڕاستكردنەوەی ڕێڕەوی حوكمڕانی لە هەرێم دەكات.
سەبارەت بە دروشمی (كۆتایی پێ دەهێنین)، وتەبێژەکەی یەکێتی دەڵێت" كۆتایی دەهێنین بە گرتنی رۆژنامەنووس، پاشاگەردانی، تاكڕەویی، بە بارمتەگرتنی مووچە، هێنانی بەرهەمی كشتوكاڵی و زیانگەیاندن بە بەرهەمی ناوخۆ، دەستێوەردانی دەرەكی و كۆتایی هێنان بە هەڵبژاردنێكی گومانلێكراو".
بڕیارە دەنگدانی تایبەت لە ڕۆژی ١٨ی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ بەڕێوەدەچێت و ڕۆژی ٢٠ی تشرینی یەكەمیش دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەبچێت و كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراقیش سەرپەرشتی هەڵبژاردنەكە دەکات.
لەم لینکەوە ڤیدیۆی کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکە ببینە