چاودێری مافی مرۆڤ: داعش 150 منداڵی كوردی ئەشكەنجە داوە

‌منداڵانی ئاوارەی کۆبانی لە تورکیا
رێكخراوی چاودێری مافی مرۆڤ ئەمرۆ رایگەیاند كە گروپی داعش بە بارمتەگرتنی 150 منداڵی كورد، ئەوانی لەماوەی شەش مانگدا چەندین جۆر ئەشكەنجە داوە.

بەپێی راپۆرتێكی ئاژانسی رۆیتەرز، چەكدارانی داعش منداڵانی تەمەن 14 ساڵەی كوردی خەڵكی كۆبانیان بەچەندین جۆر ئەشكەنجە داوە، لەوانە لێدان بە كێبڵ‌و ناچاركردنیان تا سەیری ڤیدیۆی سەربڕینی دیلەكانی داعش بكەن.

ئەو منداڵانە كە بۆ تاقیكردنەوەی قوتابخانە لەكۆبانییەوە بۆ حەڵەب چووبوون لە رۆژی 29ی ئایاری ئەمساڵ لەلایەن چەكدارانی داعشەوە بە بارمتەگیران‌و دوایین گروپی ئەم منداڵانە لە 29ی ئۆكتۆبر ئازاد كران.

چاودێری مافی مرۆڤ كە نوسینگەكەی لە نیویۆركە، راپۆرتەكەی خۆی لەسەر چاوپێكەوتن لەگەڵ چەندین كەس لەو منداڵانە نوسیوە‌و دەنوسێت ئەم كردەوانەی داعش تاوانی جەنگین.

بەپێی راپۆرتەكەی رێكخراوی چاودێری مافی مرۆڤ، ئەو كەسانەی منداڵەكانیان بە بارمتەگرتبوو، خەڵكی سوریا، ئوردۆن، لیبیا، تونس‌و سعودیەن.

راپۆرتەكە دەنوسێت: چەكدارانی داعش، ئەو 150 منداڵەیان ناچار دەكرد پێنج جار لە رۆژدا نوێژ بخوێنن، راهێنانی چڕ‌وپڕی وانە ئیسلامییەكانیان پێدەوتنەوە‌و ڤیدیۆی شەڕی داعش‌و دیمەنی سەربڕینی دیلەكانیان نیشان دەدان.

یەكێك لەو منداڵانە دەڵێت: بە كێبڵ لێیان دەدان‌و جاری واش بوو فەلاقە دەكران. ئەو دەڵێت: هەموو كات بەدوای بیانوو بوون تا لێمان بدەن. هەركەس ئایەكانی زووتر قورئانی لەبەر نەدەكرد بە كێبڵ لێیان دەدا.




PM:04:53:04/11/2014